نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی حكوومەتی عێراق دەكات

سیستەمی دادی عێراقی، سیستەمێکی لاوازە و ئەگەریش سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەردەوام بێت

K24 - ھەولێر

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە کرد و ئاشکراشی کرد بەردەوامدان بەو بڕیارە، دەبێـە ھۆی دروستبوونی نادادپەروەری زیاتر لە سیستەمی دادی عێراقیدا.

زیاد رەعد حوسێن، سەرۆکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد کە پێداچوونەوە بە سیستەمی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی عێراقیدا بکەنەوە و ئاشکراشی کرد کە ئێستا سیستەمی دادی عێراقی، سیستەمێکی لاوازە و ئەگەریش سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەردەوام بێت، ئەوا سیستەمەکە  ئەوەندەی دیکە لاوازتر و نادادپەروەرانەتر دەبێت.

ھەروھا ئەو بەرپرسەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە بەھۆی لاوازیی سیستەمی دادوەری عێراقییەوە، زۆربەی کات تۆمەتبارەکان، لە پڕۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا دادگایی دەکرێن.

ئەمە لە كاتێكدایە عێراق لە ئەمساڵدا سزای لە سێدارەدانی بەسەر چەندین كەس داسەپاندووە و لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقیش واژوو لە سێدارەدانی ئەو كەسانەی كردووە.