هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە عێراق (ئەرشیف)
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە عێراق (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

چەند کاتژمێرێک دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەغدا، بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمەریکا تێیدا جێگیرکراون.

گرووپی "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، بە چوار مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی ئەمەریکا تێیدا جێگیرکراون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەر چوار مووشەکەکە ئامانجەکانیان پێکاوە و "هێرشکارەکانیش بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان".

زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکە ئاشکرانەکراون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە شێوەیەکی فەرمی هێرشەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هێرشەکە دوای چەند کاتژمێرێک لە سەردانەکەی شەوی رابردووی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا  بۆ بەغدا دێت. پێشتر گرووپی "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق"  رایگەیاندبوو، ئەگەر بلینکن سەردانی عێراق بکات، دۆخەکە ئاڵۆزدەکەن و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا دادەخەن.

ئەمەریکا زیاتر لە 3500 سەربازی لە عێراق و سووریا هەیە. لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نوێی حەماس و ئیسرائیل لە رێکەوتی 07-10-2023 تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 30 جار هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و سووریا. سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا چەندین جار هێرشەکانیان خستووەتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا کراونەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، 21 سەرباز و هاووڵاتیی ئەمەریکی بریندرابوون. ئەمە بێجگە لەو زیانە ماددییانەی بەر بنکە سەربازییەکان کەوتوون.