جەیمس کۆنێڵ بۆ کوردستان24: زۆربەی گیراوانی گوانتانامۆ تا ئێستا هیچ سزایەکیان بەسەردا نەسەپێندراوە

جه‌یمس كۆنێڵ، پارێزه‌ری گیراوانی گوانتانامۆ
جه‌یمس كۆنێڵ، پارێزه‌ری گیراوانی گوانتانامۆ

K24 – هەولێر:

پارێزه‌ری گیراوانی گوانتانامۆ، رایدەگەیەنێت، هەندێک لە زیندانییەکانی بەندیخانەی گوانتانامۆ خەڵکی ئێران و سعوودییەن. هاوکات گوتیشی: تاکو ئێستا 30 زیندانی لە گوانتانامۆ ماون.

جه‌یمس كۆنێڵ، پارێزه‌ری گیراوانی گوانتانامۆ، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، زۆرێک لە زیندانەکان تاوەکو ئێستا ماونەتەوە لێرە ئەویش بەهۆی دوو هۆکار، هەندێک لەوان لەلایەن هەموو ئاژانسەکانی ئەمەریکاوە مافی دەرچوونیان لەو زیندانە هەیە، بەڵام هێشتا لێرەنە زیاتر لە دوو دەیەیە زیندانی کراون، هەندێکیشیان سزادراون بەهۆی یاسای تایبەتەکانی ئەمەریکاوە.

هاوکات راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا 30 کەس لە زیندانی گوانتانامۆ ماون. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی سیاسیەتی ئەمەریکا لە دوای 11ـی سێپتێمبەرەوە ترسێکی زۆر لە ئەمەریکا بڵاوبوویەوە کە ئەمەش بووە هۆی پێشێلکردنی دوو یاسای نێودەوڵەتی. یەکەمیان، دامەزراندن و کردنەوەی زیندانێک تەنیا بۆ موسڵمانە سوننییەکان، دووەمیان، بەشێک لەو زیندانانە هەوڵدەدرا لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزگارییان لێبکرێت و لە شوێنێکی زیندانی بیانپارێزن.

پارێزه‌ری گیراوانی گوانتانامۆ، دەڵێت: زۆرینەی زیندانییەکان خەڵکی یەمەنن، هەندێکیشیان خەڵکی ئێرانن، هەروەها هەندێکیشیان خەڵکی سعوددییە و وڵاتانی دیکەن.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، "یەکێک لەو زیندانانەی کە من نوێنەرایەتی دەکەم یەکێکە لەو پیاوانەی کە سێ ساڵە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکا (CIA)ـەوە دەستگیرکراوە، هەموو ئەو کەسانەی کە لێرە زیندانی کراون تاوەکو ئێستا یەک کەسیان لێ ئازادکراوە، هاوکات هەوڵدەدرێت بڕیاری ئەمەریکا بۆ سزادانی ئەم خەڵکە بشاردرێتەوە".

جه‌یمس كۆنێڵ، گوتی: "زۆربەی زیندانییەکانی ئێرە بە هیچ یاسایەک سزا نەدراون و هیچ سزایەکییان بەسەردا نەسەپێندراوە، یاسا دەرکراوە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن و هیچ هەڕەشەیەکیان بۆسەر هیچ کەسێک نییە، هەروەها ژمارەیەکی کەم لەم بەندکراوانە سزادراون بەهۆی تاوانی جەنگ".

گوتیشی: ئەو زیندانیکراوانەی ئێرە ئەگەر بیانبردبان بۆ ئەمەریکا، ئەو یاسانەی کە لە ئەمەریکا هەنە وەک دەستووری ئەمەریکا مافەکانیانی دەپاراست، ئەوان لە گوانتانمۆ زیندانی کراون بۆ ئەوەی بۆشاییەک هەبێت لە دەرەوەی ئەمەریکا کە دەکرێت ئەوان سزای تایبەتیان بەسەردا بسەپەێندرێت.

پارێزه‌ری گیراوانی گوانتانامۆ، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زیندانییانەی ئێرە بە زۆر بارودۆخی سەختدا تێپەڕیون، ئەویش پڕۆگرامی ئازاردانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکایەوە (CIA)،  بەڵام بەهۆی رێکخراوە نێودەڵەتییەکان کە زۆر سەردانی ئەو زیندانەیان کردووە و بەتێپەڕبوونی کات بارودۆخەکە گۆڕاوە بەڵام هێشتا زۆر سەختە.

به‌ندینخانه‌ی گوانتانامۆ، ئەو بەندینخانەیە له 23 شوباتی 1903 له‌سه‌رده‌می "تیۆدۆر رۆزفێڵت"ـی 26ـەمین سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا دروست دامه‌زرا. ئەو بەندیخانەیە دەکەوێتە دوورگه‌ی گوانتانامۆ له باشوری خۆرهه‌ڵاتی ووڵاتی کوبا، 90 میل لە فلۆریداوە دوورە و لەلایەن ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت. لە جەنگی ئیسپانیا و ئەمەریکا لە ساڵی 1898 کوبا لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادا دەبێت و ئەمەریکاش ئەم شوێنە دەکاتە بنکەی سەربازی دژی ئیسپانیا. لە ساڵی 1903دا ئەمەریکا کوبا دەگرێت و ئەم ناوچەیە بەڕێککەوتن لەکوبا وەردەگرێت و دەڵێت کە بەکاریدەهێنێت بۆ بنکەی سەربازی و کاری خەڵووز. لە 2003 لە مانگی 7ـدا زۆرترین رێژەی زیندانیی تێدابوو کە 684 کەس بوون و شەش ساڵ دواتر و کە ئۆباما بووە سەرۆک رێژەکە بوو بە 242 زیندانی. لە ساڵی 2009 ئۆباما گوتی: "بە یەک ساڵ گوانتانامۆ دادەخەین، به‌ڵام تائێستا دانه‌خراوه".

منداڵترین زیندانی لە گوانتانامۆ تەمەنی 14 ساڵ بوو کە ئەفغانی بوو، کە لە ساڵی 2002 دەستگیرکرابوو. بەتەمەنترینیش پیاویش بەناوی محەممەد کە 89 ساڵ بوو. لە ساڵی 2002 دەستگیرکرابوو، ئەمیش ئەفغانی بوو بەڵام دوای چەند مانگێک ئازاد کرا. زیندانییەکان لە خەڵکانی 35 وڵاتی جیاواز پێکهاتبوون که‌ئه‌ویش برتیبوون لە ئازه‌ربێجان، ئوردن، ئوسترالیا، ئه‌فغانستان، ئیمارات، ئۆزبه‌کستان، ئۆگه‌ندا، ئیندۆنیسیا، ئێران، به‌حره‌ین، به‌لجیکا، بۆسنه‌وهه‌رسك، تونس، جه‌زائیر، دانیمارك، رووسیا، زامبیا، سعوودییه، سوودان، سووریا، سوید، سۆماڵ، تاجیکستان ،عێراق، فه‌ڵه‌ستین، قه‌ته‌ر، کوێت، لوبنان، لیبیا، مالیزیا، میسر، مه‌غریب، مۆریتانیا، ئه‌مه‌ریکا و یه‌مه‌ن.

تاوەکو ئێستا نۆ زیندانی لەگوانتانامۆ مردوون و سێ دانەش خۆیان کوشتووە.