نوێنەری بارزانی گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەگەڵ حزبەکان دەست پێدەکات

K24 - ھەولێر

فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزبەکان دەست پێدەکات.

هەفتەنامەی (باس)بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە گەڕی یەکەمدا، لەگەڵ کەسی یەکەمی ھەر یەک لە یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆسیالیست کۆبووەوە، لەم رۆژانەدا گەڕی دووەمی ئەو کۆبوونەوانەی دەست پێدەکات و سەرەتاش لەگەڵ ھەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیدا، کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە گەڕی یەکەمی دنوستاندنەکان تاوتوێ لەبارەی ناردنی شاندێک بۆ بەغدا بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا و  پڕۆژەیەکی نوێ، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسیی کوردستان گفوگۆیان لەبارەوە کراوە.

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو نوێنەرەکەی بارزانی گەڕێکی تری سەردانەکان دەست پێبکاتەوە، تاوەکو وەڵامی کۆنکرێتی لە حزبەکان وەربگرێت.

بەپێی زانیارییەکان بزووتنەوەی گۆڕان نەرمیی نواندووە بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستی یوسف محەمەد وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.