ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 7/11/2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان کوردستان24، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی شاندەکەی پارتی دەکەن و، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکەیان دەکەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند جەختیکردەوە، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام کۆدەبنەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوەشکرد، ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە هەیە، هەروەها پرسی هەڵبژاردن و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و کێشە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی و فیدراڵی لە کۆبوونەوەکەی سبەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە 30ی تەممووزی 2023 لە سلێمانی ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەدا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندییە دووقوڵییەکانی هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.

ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی یەکەمین کۆبوونەوەیە دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی نوێی ئەو حزبە.

پێشتر سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، "بڕیارە لە چەند رۆژی ئاییندەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گەڕێکی سەردانەکانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم. کۆمەڵێک دۆسییەی ناوخۆیی و عێراقی هەن بڕیار وایە ئەم دوو حزبە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن".

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززە، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.