وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سیستەمی تاک پەنجەرەی لە هەولێر راگەیاند

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی تاک پەنجەرەی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەولێر راگەیاند و ئاشکرای کرد لە ئایندەیەکی نزیکدا لە دهۆکیش سیستەمی تاک پەنجەرە دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 7/11/2023، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی تاک پەنجەرەی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەولێر راگەیەندرا.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هەموو دەرخستەکانی دروستکردنی هۆڵی تاک پەنجەرە، سیستەمی تاک پەنجەرەی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی داراییە، لەگەڵیان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەوێش بکرێت بە سیستەمی تاک پەنجەرە".

گوتیشی: "بەڕێوەبەری دەستەبەری هەولێرمان راسپاردووە، کە ئەویش پەلە بکات لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کرێکارانیش لە هەولێر ببێت بە تاک پەنجەرە، ئەویش خزمەتێکە بە چینی کرێکاران و خاوەنکاریش مافی خۆیەتی بە شێویەکی باش کارەکانیان بەڕێوەبچێت".

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم دەستکەوتانە بۆ خزمەتی هاووڵاتییانە بەگشتی و بەتایبەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کورتە باڵاکان، زۆربەی کارەکانمان چڕکردووەتەوە لە خزمەتی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامان، ئەم پڕۆژەیە دەستکەوتێکی تری کابینەی نۆیە بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کورتە باڵاکان، کە لەم کابینەیەدا بۆ یەکەمجارە لە کارنامەی حکومەتدا ئاماژە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەمئەندامان کراوە".

کوێستان محەمەد ئەوەشی راشیگەیاند: "لەم کابینەیەدا زۆرترین دەستکەوت بە خاوەن پێداویتسییە تایبەتەکان و کورتە باڵاکان کراوە، بەردەوامیشە لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت لە ئایندەدا رایدەگەیەنین و لە ئێستادا کاریان لەسەر دەکەین".