جومانە غەلای: سبەی کۆمیسیۆنی عێراق لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

K24 - هەولێر

گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق واده‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی راگه‌یاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 07-11-2023، جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "سبه‌ی چوارشەممە، وه‌ك واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیسیۆن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ تاوتوێكردنی ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه‌."

گوته‌بێژی كۆمسیۆن گوتیشی، "شاندی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت" و ئاشكرایكرد، ده‌ستیان به‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری بۆ ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و بۆ ئه‌مساڵ ئه‌وانه‌ی له‌دایكبووی ساڵی 2006ـن مافی ده‌نگدانیان ده‌بێت و جۆری سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كه‌ش له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌.

لەلایەن خۆیەوە عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە بەغدا.

گوتیشی: "کۆمەڵێک رێکاری کارگێری و دارایی هەیە بۆ خۆئامادەکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەی کە پێویست بووە کردوویەتی، هەروەها هەماهەنگی کردووە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەم دانیشتنانەش بەردەوامیان دەبێت".

رۆژی چوارشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەستاوە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە راوێژ بووە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هیچ لایەنێك بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات و هیچ گومانێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئارادا نییە". 

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و سەرجەم لایەنەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی رێکاری پێویست.