کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات

K24 – هەولێر:

کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات.

رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) لە پیرمام هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی داوای نزیکەی چوار کاتژمێر کۆتاییهات.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی تایبەت بە پەیوەندی نێوان هەردوولا، هەڵبژاردن و شایستە داراییەکان، پرسی خوێندن، نەوت و گاز و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پشتیوانیکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بووە.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، لەمیانی کۆبوونەوەی هەردوو شاند، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە پارتی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە یەکێتی ئەنجامدراوە کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایەندووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، چاوەڕێ دەکرێت لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بخرێتەڕوو.

شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆک بارزانی، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد، پشتیوان سادق، جەعفەر ئیمینیکی و دڵشاد شەهاب.

هەروەها شاندی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، سەعدی ئەحمەد پیرە، رەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەممەد پێکهاتبوو.