هەڤاڵ سدیق: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کێشەی ئاریا ستی چارەسەرکرا

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، ئاماژە بەوەدەکات، لە سەنتەری پارێزگای دهۆک نزیکەی 23 پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەن، هاوکات گوتیشی: لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی پڕۆژەی ئاریا ستی چارەسەرکرا.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، ئاریا ستی پڕۆژەیەکی گرنگی نیشتەجێبوونە، کە مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتبوو، لە سەنتەری پارێزگاری دهۆک دەستکرابوو بە بونیاتنانی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکە، بەڵام پێش ئەوەی پڕۆژەکە تەواوبێت، هەندێک کێشە دروستبوو لەلایەن بەڵیندەری پڕۆژەکە، کۆمپانیای جێبەجێکردنەکە و ئەو هاووڵاتییانەی کە لەو پڕۆژە نیشتەجێبوونە شوقەیان کڕیبوو.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، دەڵێت: خۆشبەختانە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی ئەم پڕۆژەیە پێکهێنرا و، کێشەکەی چارەسەرکرا، لە ئێستادا پڕۆژەکە لە قۆناغی تەواوبووندایە، چەندین شوقە رادەستی خاوەنەکانیان کراون.

گوتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمی باڵەخانەکانی ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت کاتێک تەواو بوو سەرجەم شوقەکانی باڵەخانەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، ئاماژەی بەوەشدا، لە پارێزگای دهۆک کۆمەڵێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون رووبەڕووی کێشە ببوونەوە و وەستێندرابوون، بەڵام خۆشبەختانە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم کێشەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون چارەسەرکران و لە ئێستادا دەستکراوە بەکارکردنی تێیاندا و، زۆرینەی پڕۆژەکان لە قۆناغی تەواوبووندان، وەک هێژا ستی، ئارام ستی و دهۆک ستی.

هەڤاڵ سدیق، ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر چەندین پڕۆژە لە پارێزگای دهۆک لەلایەن وەبەرهێنەرەکانەوە تەواونەکرابوون و وەبەرهێنەرەکان سەرپێچیان کردبوو، بەڵام چەندین بەدواداچوونکرا و وەبەرهێنەرەکان ئاگادارکرانەوە و هەندێکیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا و هەندێک پڕۆژەش لە هەندێک وەبەرهێنەری دیکە سەندرایەوە و رادەستی وەبەرهێنەری دیکە کران.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، گوتی: لە سەنتەری پارێزگای دهۆک نزیکەی 23 پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان هەیە، زۆرینەیان لە قۆناغی تەواوبوونە و رادەستی خاوەنەکانیان کراون، بەشێک لە پڕۆژەکانیش لە قۆناغی تەواوبووندان.

گوتیشی: ئێمە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک مۆڵەتمان بە وەبەرهێنەران داوە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری لەو پارێزگایە، چونکە بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژانە دەرفەتێکی زۆری کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێت.

پڕۆژەی ئاریا ستی لە دهۆک لە 1200 یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بەشداربووانی پڕۆژەکە پارێزراو دەبێت.