بۆردی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و دەستەی سعوودیە بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان هەماهەنگی یەکتر دەکەن

کۆبوونەوەی هەردوو شاندی بۆردی کوردستانی و دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان
کۆبوونەوەی هەردوو شاندی بۆردی کوردستانی و دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان

K24 – هەولێر:

شاندێکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان (بۆردی کوردستانی) سەردانی سعوودیە دەکەن و لەگەڵ دەستەی سعوودیە بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان کۆدەبنەوە بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانستی و پزیشکی.

رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان، ئاریانا شێخ خالص بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان بە یاوەری شاندێک گەیشتنە بارەگای سەرەکی دەستەی سعوودیەکە و لەلایەن ئەوس شەمسان، دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان و تیمی کارگێڕی دەستەکەوە پێشوازییان لێکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، لە کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، باس لەچەندین تەوەری گرنگ و پڕ بایەخ کرا لەبارەی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانستی و پزیشکی لە نێوان هەردوولا.

بۆردی کوردستانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەنگاوە درێژکراوەی هەنگاوەکانی پێشووتری بۆردەکەیە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆردی کوردستانی لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئەو دەستە سعوودیە لێک تێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان هەردوولا دروستکراوە.

رۆژی دووشەممە (29ـی ئایاری 2023) شاندێکی پسپۆری پزیشکانی سەنتەری مەلیک سەلمانی سعوودی لە هەولێر هەڵسەنگاندنیان بۆ ژێرخانی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی هەولێر کرد و سەرسامی خۆیان بە کارکردنی پزیشکانی کورد دەربڕی.

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا موسند، پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری دڵ کە یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی سەنتەری مەلیک سەلمان رایەگەیاند، ئەم سەردانەمان بۆ هەولێر سەردانێکی بەدواگەڕان بوو، لەلایەن تیمێکی پیشەگەری سەنتەری مەلیک سەلمان کە شارەزاییەکی زۆری هەیە و سەردانی زۆر وڵاتانیان کردووە، دەتوانم ئەوەتان بۆ بگوازمەوە کە لە هەولێر بینیمان بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە کە سەردانمان کردووە.

هەروەها رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023) ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان رایگەیاند، ئەنجوومەنی پزیشکی ئوردنی بە نووسراوێکی فەرمی متمانەی بەخشیە نەخۆشخانە و پرۆگرامەکانی خوێندن و راهێنانی پزیشکی ئەنجوومەنەکە (بۆردی کوردستانی) لە هەرێمی کوردستان.

رۆژی (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەمی پسپۆرییە پزیشکییەکانی بۆردی کوردستانی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئاریانا شێخ خالص بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان رایگەیاند، بڕوانامەی بۆردی کوردستانی بەرزترین بڕوانامەی پسپۆری پزیشکی کلینیکییە و هەڵگری ئەم بڕوانامەش دەبنە ژێرخانێکی پتەوەی زانستی بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی، "هەڵگرانی بڕوانامەی بۆردی کوردستانی دەتوانن راستەوخۆ بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی بۆردی ئوردنی بکەن و ببنە خاوەنی بڕوانامەی بۆردی ئوردنی، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدەست هاتووە.

ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆرییه‌ پزیشكییه‌كان یەکەم دامەزراوەی پزیشکی خوێندنی باڵایە لە هەرێمی کوردستان کە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و دەرچووانی ئەم دامەزراوەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانن بەشداری لە تاقیکردنەوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان و چالاکییە پزیشکییەکان بکەن.

0