سێ هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دیاری دەکرێن

دۆلار و دیناری عێراقی
دۆلار و دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، سێ هۆكار له‌پشت دابەزینی بەهای دیناری عێراقین بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی.

عه‌لی توركی، ئەندامی ‌لیژنه‌ی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هۆكاری یه‌كه‌م بۆ دابەزینی بەهای دینار، په‌یوه‌سته‌ به‌و شه‌ڕه‌ ئابوورییه‌ی كه‌ ئیداره‌ی واشنتن له‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكومه‌تی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاندووه‌ له‌پێناو شكستهێنان و رووخانی حكومه‌ته‌ له‌لایه‌ن بانكی فیدراڵی ئه‌مەریكاوه‌".

له‌باره‌ی هۆكاری دووه‌میش، ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئاماژه‌یداوه‌: "سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندی عێراق شكستی هێناوه‌ له ‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ راگرتنی به‌رده‌وامی دابەزینی بەهای دینار، به‌تایبه‌تیش دواخستنی داواكاری پێدانی دۆلار به‌ بازرگانه‌كان".

راشیگەیاند: "هۆكاری سێیه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه‌وه‌ هه‌یه‌‌، به‌جۆرێك ئه‌م نه‌ختینه‌یه‌ له ‌ساڵی 1999ـه‌وه‌ له‌ بانك و دامه‌زراوه‌ ناوخۆییه‌كان بوونی نییه‌".

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان 100 دۆلاری ئەمەریکی لە سەرووی 165 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرا.