ئومێد سەباح: لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەختمان لەوەکردەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەغدا لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئومێد سەباح، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە فەرمی بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقمان گوت: پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بە سوپاسەوە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەها پێمان راگەیاندن وەکو حکومەتی هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخەینە خزمەت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆیە تیمێکی باڵا کە پێکهاتووە لە نوێنەری هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ خۆمان بردووەتە بەغدا، هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ ئیدارەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەکەین".

گوتیشی: "ئێمە متمانەمان بە رێکارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر لەکاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت، هەنگاوی باش نراوە خشتەیەکی باشیان داناوە، باس لە رێکارەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەین، هەروەها باسمان لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن کرد کە ئەوەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دابینی بکات".

ئومێد سەباح، سوپاسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە بە ئەرکی خۆیان هەستاون، گوتی: "نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو پێداویستییەکان کە لەسەر سەرۆکایەتی هەرێمە ئامادەیان کردووە و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمسیۆن لە پەیوەندیی دایە، هەروەها سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی دابین کردووە، ماوەتەوە وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕە پارەیە دابین بکات بۆ هەڵبژاردن پێویستە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر داوە".

لە بەشێکی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا عەباس فەرحان حوسێن، سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: "ئەمڕۆ پێشوازیمان کرد لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسمان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجامبدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەوردی گوێی بۆ داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان گرت و ئامادەیی خۆشی نیشاندا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا، ئێمە نیشانماندا، کە وەک حکومەتی عێراق پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان دەکەین و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

رۆژی 3ـی ئابی 2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.