لە ساڵی نوێوە رێگە نادرێت هیچ دەرمانێك بە بێ ستیكەر لە بازاڕدا بفرۆشرێت

K24 - هەولێر

ئامێری پشكنینی كوالێتی و نرخی راستەقینەی دەرمان، لە زۆرینەی دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان دانراوە، كە بەهۆیەوە ئاسانكاری لە ناسینەوەی دەرمانی ساختە و نرخی نایاسایی دەكات، بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمانیش دەڵێت: لە ساڵی نوێوە هیچ دەرمانێك نابێت بە بێ ستیكەری فەرمی لە بازاڕدا هەبێت.

د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان، رایگەیاند: "خۆشبەختانە ئێستا لە تواناماندایە دەرمانەكان هەموویان لە كاتی خۆیاندا دەربچن و ستیكەریان پێوە بێت، كۆمپانیاكانمان ئاگادار كردوونەتەوە، لە ساڵی نوێوە كۆتا مۆڵەتیانە، نابێت هیچ دەرمانێك بێ ئەو ستیكەرە لە ناو بازاڕەكانی كوردستان بفرۆشرێت."

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەرتی تەندروستی بەردەوامن و بۆ رێگریکردن لە ساغکردنەوەی دەرمانی ساختە و کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی، ستیکەری نوێ لە سەرجەم ئەو دەرمانانە دەدات لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە 14 هەزار جۆری دەرمان، ستیکەری نوێیان پێوەیە، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانییانەوە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، پشکنین بۆ کۆمپانیای هاوردەکار و کوالێتی و نرخی دەرمانەکە بکەن. هەروەها کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان، هێڵێکی گەرمی داناوە، نەخۆش دەتوانێت لە هەر كاریگەرییەكی خراپی دەرمانەکە ئاگاداریان بکاتەوە و ئەوانیش بەدواداچوون دەکەن.

هەر کۆمپانیا، کۆگا و دەرمانخانەیەک پابەندی ستیکەری نوێی دەرمان نەبێت دوو ملیۆن تاکوو 10 ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزا دەدرێت، هەروەها تاکوو ساڵی نوێ، دەبێت 390 کۆمپانیای هاوردەکاری دەرمان، 147 کۆگا و 1782 دەرمانخانە، پابەندی ئەم بڕیارە بن.

.
.