داعش 30 سەربازی سووریا و چەکداری ملیشیاکانی کوشت

هێزەکانی سووریا (ئەرشیف)
هێزەکانی سووریا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

بەگوێرەی روانگەی سووری بۆمافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجامی هێرشێکی داعشدا، 30 کەس لە سەربازانی هێزەکانی رژێمی سووریا و چەکدارانی ملیشیاکانی سەر بەو هێزە کوژران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، " لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، داعش هێرشی کردە سەر خاڵە سەربازییەکانی سووریا، چوار سەرباز و 26 ئەندامی هێزەکانی پاراستنی نیشتمانی کوشت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزبێتەوە، چونکە برینی هەندێک لە بریندارەکان سەختە".

رێکخراوی داعش هێرشەکانی بۆسەر ناوچەی رەسافە لە بیابانی سووریا دەستپێکرد، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی دێرەزووری رۆژهەڵات و رەقەی باکوور لەگەڵ ناوەندی حومس.

دواتر ڕوانگەی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن فڕۆکەکانی ڕوسیاوە بۆسەر بیابانی رەسافە ئەنجامدراون، کە ئەندامانی داعش لەوێ خۆیان حەشارداوە.

رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ـی راگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە یەکێکە لە گەورەترین هێرشەکانی ئەمساڵ.

لە 10ی ئابی رابردوودا، داعش پاسێکی سەربازیی لە بیابانی مەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، بەهۆیەوە 33 کەس کوژران.

رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014دا رووبەرێکی فراوانی 240 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیی لە نێوان سووریا و عێراق کۆنتڕۆڵکرد، دواتر رێکخراوەکە تووشی شکستی یەک لە دوای یەک لە هەردوو وڵاتدا هات، تا لە ساڵی 2019دا سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەستدا.

لە ساڵی 2011ەوە سووریا تووشی ململانێ و شەڕی ناوخۆ بوویەوە کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراوە و وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژێرخانی وڵاتەکەی لێکەوتووەتەوە و ئابووریی سووریا داڕما، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدایە. هەروەها زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئاوارە بووە.