هه‌واڵگری ئۆكرانیا به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له به‌ئامانجگرتنی به‌رپرسێكی سیاسی له ناوچه‌ی لۆگانسك راگه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
هه‌واڵگری ئۆكرانیا به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له ناوچه‌ی لۆگانسك له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا راگه‌یاند، كه له ئه‌نجامدا به‌رپرسێكی ناوچه‌كه به‌ئامانج گیراوه و له ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ستداوه.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 8ـی تشرینی دووه‌می 2023) هه‌واڵگری ئۆكرانیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له ناوچه‌ی لۆگانسك كه به‌ده‌ست هێزه‌كانی رووسیاوه‌یه رایگه‌یاند. هه‌واڵگری رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، به‌هۆی ئه‌و ئۆتۆمبێله مینڕێژكراوه‌وه، به‌رپرسێكی سیاسی ئۆكرانی كه له‌لایه‌ن مۆسكۆوه پشتیوانی ده‌كرا، به‌ئامانج گیراوه و له ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ستداوه.
هه‌واڵگری ئۆكرانیا روونیكردووه‌ته‌وه، میخائیل فیلیۆنینكۆ، ئه‌و به‌رپرسه سیاسییه ئۆكرانییه‌ی ناوچه‌ی لۆگانسك بووه، له‌میانی پلانێكی هاوبه‌شی هه‌واڵگری ئۆكرانیا و نوێنه‌رانی به‌ره‌ی بزووتنه‌وه‌ی به‌رگری لۆگانسك كوژراوه.
هه‌واڵگری ئۆكرانیا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، فیلیۆنینكۆ له رێكخستنی ژووری ئه‌شكه‌نجه‌دانی هاووڵاتییان و دیله‌ئۆكرانییه‌كان له ناوچه‌ی لۆگانسك تێوه‌گلاوه و خودی خۆی سه‌رپه‌رشتی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كانی كردووه.
هه‌روه‌ها هه‌واڵگری ئۆكرانیا هۆشداری داوه له به‌ئامانجگرتنی هه‌ر كه‌س و به‌رپرسێكی لۆگانسكی و "تاوانباران"ـی جه‌نگ و هاوكارانیان.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.