ئه‌گه‌ر ماوه‌ی هه‌شت مانگی دیكه‌ جەنگی غەززە به‌رده‌وام بێت ئیسرائیل پێویستی به‌ 51 ملیار دۆلار ده‌بێت

K24 – هەولێر:

بەگوێره‌ی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، شەڕی غەززە کورتهێنانی لە بوودجەی وڵاتەکە بەڕێژەی 22.9 ملیار شیگڵ دروستکردووە.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە (8-ی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی دارایی ئیسرائیل بە فەرمی بڵاویکردووه‌تەوە، ئەو کورتهێنانەی لە بوودجەی ئیسرائیلدا دروستبووە، بۆ بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی شەڕ لە کەرتی غەززە لەگەڵ بزووتەنەوەی حەماس دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ئاشکراشی کرد، داهاتەکانیان بۆ %15.2 لە مانگی رابردوو دابەزیوە، بەهۆی دواخستنی یاسای باج و کەمبوونەوەی داهاتی دڵنیایی کۆمەڵایەتی، لە ئەنجامی دەستپێکردنی جەنگی(7-ی تشرینی یەکەم).

بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتە، کورتهێنانیان لە مانگی ئەیلوول ( 4.6 ملیار شیگڵ) بووە، لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا ( 3.1 ملیار شیگڵ) بووە،ئێستا کورتهێنانەکە بۆتە شەش هێندە.

بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی ئاماری ئیسرائیل، نزیکەی 99  هەزار گەشتیار لە مانگی تشرینی یەکەم سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، لە هەمان مانگدا ساڵی پار، 369 هەزار گەشتیار و نزیکەی 485 هەزار گەشتیار ساڵی پێشی پەتای کۆرۆنا ،سەردانی ئیسرائیلیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی Secret Flights،مانگی رابردوو 454 هەزار ئیسرائیلی گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردووە،ڕێژەی گەشکردنیش بۆ چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی نێودەوڵەتی بە ڕێژەی %80 لە ڕۆژی دەستپێکردنی شەڕی غەززە دابەزیوە.

رۆژنامەی کالکالیستی ئابووری ئیسرائیلی لە وەزارەتی دارایی وڵاتەکە وەریگرتووە و بڵاویکردۆتەوە، خەرجی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی حەماس، ئه‌گه‌ر ماوه‌ی هه‌شت مانگی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت،  51  ملیار دۆلاری پێویست ده‌بێت.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.     

کارزان حەیدەر