جەبار مستەفا: پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دەزگای مین لە ئاستێکی زۆر باشدا بووە

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا 526 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و پاشماوەی جەنگی خاوێنکراوەنەتەوە. ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک هاوکاری نەکردوون لە خاوێنکردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین. هاوکات گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمدا پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدا بووە بۆ دەزگاکەمان و، لە ئاستی ئەوەدابووە کە باس بکرێت.

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، مێژووی مین سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول ئەوە قۆناغێکیان بوو، بەهۆی بوونی جوڵانەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەمیشە بۆ راگرتنی چالاکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خاکی هەرێمی کوردستانیان مینڕێژ کردووە ئەمە قۆناغێکی دیکەیان، هەروەها قۆناغی سێیەم لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دەستپێدەکات کە بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان پیسکرا بە مین و بە پاشماوەی جەنگی، قۆناغی کۆتاییی لە سەردەمی شەڕی داعشدا بە هەمان شێوە بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان مینڕێژکرا.

ناوبراو راشیگەیاند، لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانەوە 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە خاکی کوردستان مینڕێژکرا و پیسکرا بە پاشماوەی جەنگی، دواتر لە ساڵی 1992 سەرەتا رێکخراوە بیانییەکان لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە  دەستکرا بە خاوێنکردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین، بە تایبەتی یەک لەو رێکخراوانەی کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە هەرێمی کوردستان رێکخراوی (MAG)، دواتر دەسەڵاتی کوردستان دەستیان بە کارەکانیان کرد هەموو ناوچەکانیان رووپێوکرد و تیمی کارامەیان بۆ ئامادەکردن بۆ ئەوەی بتوانن هەموو ئەو شوێنانەی کە رێکخراوەکان ناتوانن خاوێنی بکەنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەو کارە هەستێت و ئەو ناوچانە لە مین خاوێنبکاتەوە.

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا 526 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی کوردستان لە مین خاوێنکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە هەرێمی کوردستان مینی تێدا ماوە، هەروەها خاکی پیسبوو بە مین و پاشماوەی جەنگی سەدا 60ـی دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان، بۆ نموونە پێنجوێن مینێکی زۆری لێیە بەهۆی شەڕی عێراق و ئێران، لە پارێزگای هەولێر و دهۆکیش شوێن هەیە کە تا ئێستا مینی لێماوە ساڵانە هاووڵاتییانی سڤیل بەهۆیەوە دەبنە قوربانی، لە قەزای چۆمان و لە سنووری قەزای ئامێدیش بە تایبەتی چەمانکێ ئەم شوێنانە ساڵانە هاووڵاتییانی سڤیل دەبنە قوربانی بەهۆی مینەوە.

جەبار مستەفا، دەڵێت: هەموو ئەو شوێنانەی کە دەزگای گشتی کاروباری مین لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێگەیشتبێ رووپێوی بۆ کردووە و ئاماژەڕێژی بۆ کردووە و، لە رێگەی دانانی هێمای ئاگەدارکردنەوەی هاووڵاتییانی ئاگادارکردووتەوە کە ئەو شوێنانە مەترسیدارن

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بەپێی رێککەوتنامەی ئۆتاوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق ئەندامن لەو رێککەوتنە کە دەبێت تا ساڵی 2028 عێراق و هەرێمی کوردستان سەرجەم خاکەکەیان خاڵی بێت لە مین و پاشماوەی جەنگی.

جەبار مستەفا، گوتی: ئێمە وەک دەزگای مین 35 تیمی دەستیمان هەیە، شەش تیمی میکانیکیمان هەیە، تیمی رووپێویمان هەیە، تیمی هۆشیاری خەڵکمان لە مەترسییەکانی مین هەیە، بە هاوکاری رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان توانیومانە بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و پاشماوەی جەنگی خاوێنبکەینەوە، حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک هاوکاری ئێمەی نەکردووە لە خاوێنکردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئەرەکی سەرەکی حکومەتی عێراقە کە هاوکار بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین خاوێنبکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق خاکی هەرێمی کوردستانیان مینڕێژ کردووە.

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لەبارەی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەزگای مین، رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکانی زۆر باش بووە بۆ دەزگاکەمان، لە ئاستی ئەوەدابووە کە باس بکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا کۆمەڵێک بڕیاری باش دراوە بۆ دەزگاکەمان، یەکێ لەوانە بڕیاری ئەوە دراوە کە 38 ئۆتۆمبێلمان بۆ بکڕدرێت، چونکە گەورەترین گرفتی دەزگای گشتی کاروباری مین نەبوونی ئۆتۆمبێلە، لە پێشوشدا دەزگای مین لە رێگەی گرێبەسێکەوە 194 ئۆتۆمبیڵی بە کرێ گرتبوو کاری پێدەکرد بۆ گواستنەوەی تیمەکانی خۆی بۆسەر کێڵگە مینەکان، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارییەوە ئەو گرێبەستانە نوێ نەکرانەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا 36 کارمەندمان بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی، هەروەها 76 کارمەندیشمان کەمئەندامبوونە، تا ئێستاش 13 هەزار و 560 هاووڵاتیی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مین و پاشماوەی جەنگی بوونەتە قوربانی.