مانگی سووری فەڵەستین: 106 بارهەڵگری هاوکاری مرۆییمان وەرگرتووە

K24 - هەولێر

مانگی سووری فەڵەستین رایگەیاند، 106 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی وەرگرتووە، کە لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە چوونەتە ناو کەرتی غەززە.

لیژنەی مانگی سووری فەڵەستین لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند: "تیمەکانی مانگی سووری فەڵەستین 106 بارهەڵگریان لە مانگی سووری میسر وەرگرتووە، کە پڕبوون لە هاوکاری مرۆیی، جگە لە 5 ئەمبولانس کە لە کوێتەوە رەوانە کرابوون و لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە هێنرایە ژوورەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بارهەڵگرەکان خۆراک و ئاو و پێداویستی پزیشکی و دەرمانی تێدابووە.

لیژنەی مانگی سووری فەڵەستین پشتڕاستی کردەوە، کۆی ئەو بارهەڵگرانەی لە 21ـی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتوونەتە کەرتی غەززە، گەیشتووەتە 756 بارهەڵگر کە بە نزیکەی 39 بارهەڵگری رۆژانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگەیان نەداوە سووتەمەنی بچێتە ناو کەرتی غەززە.