لە شەڕ و پێکدادانی نێوان رەوتی سەدر و عەسائیب کوژراو و بریندار هەیە

K24 - هەولێر

شەڕو پێکدادانی چەکداری لە نێوان میلیشیاکانی رەوتی سەدر و عەسائیب ئەهلی حەق، نزیک لە ئێران روویدا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی هەردوولا کوژران و برینداربوون.

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بە "ئیرەم نیوز"یان راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، "شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەندامانی رەوتی سەدر و عەسائیب ئەهل حەق لە پارێزگای بەسرە روویداوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە بزانن، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو رووبەڕووبوونەوە چەکدارییە، بووە هۆی کوژرانی دوو کەس لە ئەندامانی رەوتی سەدر و برینداربوونی یەکێکی دیکە، هەروەها ئەندامێکی عەسائیب ئەهلی حەق کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون".

سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، "هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و وەستاندنی شەڕەکە چوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکەدا جێگیرکراون.

سەرەڕای ئەو هەموو گرژییە ئەمنییانەی کە لە بەسرە دووبارە دەبنەوە، رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان گروپەکانیش دووبارە دەبنەوە، دەزگا فەرمییەکانی ئەمنی و دادوەری شارەکە رەتیدەکەنەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو رووداوانە بدەن کە روودەدەن، سەرەڕای هۆشداریی چاودێران سەبارەت بە بەردەوامی گرژی و هەڕەشەکانی نێوان چەکدارانی میلیشیاکان.