حوسییەکانی یەمەن فڕۆکەیەکی ئەمەریکایان خستەخوارەوە؛ واشنتنیش تاران تۆمەتبار دەکات

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا (وێنە: رۆیتەرز)
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا (وێنە: رۆیتەرز)

K24 - هەولێر

حوسییەکانی یەمەن درۆنێکی ئەمریکایان خستەخوارەوە و بەرپرسێکی ئەمەریکاش رایدەگەیەنێت، هەموو هێرشەکان بۆ سەر بنکە و هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی ئێرانی تێدایە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 08-11-2023، درۆنێکیان لە جۆری "ئێم کیو-"9 لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکان فڕیوە، بەڵام لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە خراوەتەخوارەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێران سەرچاوەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و دەستی ئێران لە تەواوی هێرشەکاندا هەیە".

هەر لەبارەی رووداوەکەوە، یەحیا سریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەرگریی ئاسمانیمان توانیویەتی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی بخاتەخوارەوە لەکاتێکدا کە کاری دوژمنکارانە، چاودێری و سیخوڕی لە ئاسمانی ئاوی هەرێمی یەمەن ئەنجام دەدا لە چوارچێوەی پشتگیریی سەربازیی واشنتن بۆ تەلئەڤیڤ".

ئەو چەکەی بۆ خرانەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئەمەریکا بەکارهێندراوە، ئاشکرانەکراوە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "جووڵەکانی دوژمنکارانەی (ئەمەریکا) هێزە چەکدارەکانی یەمەن (حوسییەکان) لە بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی ئیسرائیل، بەمەبەستی پشتگیری و سەرکەوتنی گەڵی ستەملێکراوی فەڵەستین سارد ناکاتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی چەندین جار هۆشدارییان داوەتەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر شاری غەززە ڕانەگرن، لە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجیان دەگرن، ئەمەش وەکو خۆیان دەڵێن، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە "گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین".

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە چوار هەفتەیە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندارن.