رووسیا: ئەمەریکا خەریکە ئەوروپا لەناو دەبات و مایەپووچیان دەکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەمەریکا زیان بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی خۆی دەگەیەنێت و رووبەڕووی مایەپووچبوونیان دەکاتەوە، لەکاتێکدا واشنتن بەردەوامە لە کڕینی یۆرانیۆم و کانزا سەرەکییەکان لە رووسیا.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: "واشنتن لە بنەڕەتدا خەریکە شوێنکەوتووە ئەوروپیەکانی لەناو دەبات و رێگە بە کۆمەڵگە سەربازییە پیشەسازییەکەی دەدات پارە پەیدا بکات، هەروەها گازی سروشتی شلی گرانبەهای ئەمەریکی بەسەر یەکێتی ئەوروپادا سەپاندووە و بەردەوامیشە، هەروەها بە یاسا خۆپەرستەکانی کۆمپانیا ئەوروپییەکان ناچار دەکات بارەگاکانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵات کە تێچووی بنەڕەتی کارکردنیان کەمترە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت دەستبەرداری هەموو شتێکی رووسی بێت و  واشنتنیش بەردەوامە لە کڕینی یۆرانیۆم و کەرەستەی خاو لە رووسیا".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ساڵ و نیوێکی رابردوودا، بەهۆی سزاکانی رۆژئاوا کە بەسەر رووسیادا سەپێنراوە، کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەوروپا لانیکەم 250 ملیار یۆرۆیان لە دەستداوە.

دەشڵێت، ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپێنراون، قەیرانە ئابوورییەکانی جیهانی قوڵترکردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی رووسیا راشیگەیاند، وڵاتەکەی توانی جوگرافیای هەناردەکردنی وزە بگۆڕێت و فراوانتری بکات، وڵاتەکەی چاکسازی جێبەجێ دەکات و سەروەری خۆی لە کەرتی وزەدا بەهێزتر دەکات.

جەختیشیکردەوە، "بەگشتی سەرقاڵی چاکسازییەکانی سووتەمەنی و وزە و بەهێزکردنی سەروەری ئەم پیشەسازییەین، چ لەڕووی تەکنەلۆژییەوە و چ لەڕووی کارمەند و داراییەوە".

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت: مۆسکۆ توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دابینکردنی نەوت و گاز و خەڵوز بگوازێتەوە بۆ بازاڕە خێرا گەشەکردووەکان، بە پلەی یەکەم هیندستان و چین و وڵاتانی دیکەی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن و ئەمەریکای باشوور.