شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

K24 – هەولێر

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما دادەبەزێت.

دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە کوردستان24ی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە پلەی گەرما بە چەند پلەیەک روو لە دابەزین دەکات، لەم چەند رۆژەدا ئاسمان بە گشتی لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە هەندێک کات لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت، لە رۆژی سێشەممەی داهاتووەوە ئاستی دابارین زیاتر دەبێت و سەنتەری پارێزگاکانیش دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت رێژەیەکی باشی باران ببارێت.

گوتیشی: "کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، دواتر تارادەیەک کەشوهەوا جێگیر دەبێت".

لەبارەی دابەزینی پلەی گەرما، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەو و گەیاندن ئاماژەی بەوەکرد: "لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و کەشێکی سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات".