هۆشدارییه‌كی توند له‌ لاپۆرتاوه‌ بۆ چاڤی

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بەهۆی دۆڕانەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر شاختار لە گەڕی چوارەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، بەرپرسانی ئەو یانەیە هۆشدارییان داتەوە چاڤی راهێنەر، چونکە بەرامبەر هەر دۆڕانێک لەم قۆناغە، نزیکەی سێ ملیۆن یۆرۆیان لەدەست دەچێت.

بارسێلۆنا هەموو ئامانجی ئەوە بوو، هەر هەموو یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین داهات بەدەست بێنێت و زۆربەی ئەو کێشە داراییانە چارەسەر بکەن، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو رووبەڕوویان بووەتەوە.

یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە سێ یاریی سەرەتای ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ئامانجەکەیان پێکا، بەڵام لە یاریی بەرامبەر شاختار تووشی دۆڕان بوون و زیانێکی زۆری داراییان پێکەوت.

دۆڕانەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر شاختار لە گەڕی چوارەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، هیچ کاریگەری لەسەر چارەنوسی ئەو یانەیە بۆ قۆناغی داهاتوو نەکردووە، چونکە ئەو یانەیە سێ یاریی لەسەر یەک بردووەتەوە و تاوەکو رادەیەکی زۆر، بلیتی قۆناغی داهاتووی مسۆگەر کردووە.

رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، دۆڕانی بارسێلۆنا بەرامبەر شاختار، زیانێکی دارایی زۆری گەیاندووەتەوە ئەو یانەیە، بە جۆرێک ئەو یانەیە بە هۆی ئەم دۆڕانە، نزیکەی سێ ملیۆن یۆرۆی لەدەست دەچێت.

هەر یانەیەکی بەشدار بوو لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر هەر بردنەوەیەکیان لە قۆناغی کۆمەڵەکان، نزیکەی 2.8 ملیۆن یۆرۆ پێدەدرێت، بەڵام لە ئەگەری دۆڕان ئەو پاداشتەیان پێشکەش ناکرێت، بارسێلۆناش بەهۆی ئەو دۆڕانە لەو پاداشتە بێ بەش دەبن.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە، کارگێری بلاوگرانا بەهۆی ئەو دۆڕانەی بەرامبەر یانە ئۆکرانیەکە نیگەرانن و هۆشداریان داوەتە چاڤی راهێنەری یانەکەیان، هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی لە دوو یاریی داهاتووی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.

بارسێلۆنا لەم ساڵانەی دواییە تووشی زیانێکی زۆری دارایی بووەتەوە، بۆیە دەیانەوێت بە بردنەوەکانیان لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ، هەندێک لەو کێشانە چارەسەر بکەن، هەروەها یانە کەتەلۆنیەکە لە یاریی کلاسیکۆش نزیکەی 8 ملیۆن یۆرۆ قازانجی کردووە.