گۆتێرێس داوای دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە دەکات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 – هەولێر:

ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی فەڵەستینی دەکات لە كەرتی غەززە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی سەربازی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتەکە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، باشترین سیناریۆ کە پێویستە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بدەین و گرنگە بۆ پێدانی هیوا بە گەلی فەڵەستینی، ئەویش دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی فەڵەستینییە لە کەرتی غەززە، دوای کۆتاییهاتنی جەنگ.

گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ماوەی راگوزەری لە داگیرکردنی ئیسرائلییەوە بۆ داهاتوو دیاریبکرێت و چەندین لایەنیش دەتوانن رۆڵی بەرچاو لە ناوچەکە بگێڕن لەوانەش، ئەمەریکا.

ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو هەنگاوەی بە دەستپێکی دانوستانی جددی وەسفکرد بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکە، ئەویش دامەزراندنی دوو دەوڵەتە، و ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار کارەساتەکان دەبنە توانا بۆ چارەسەری کێشەکان.

هەروەها گۆتێرێس روونیکردەوە، "هیچ چارەسەرێک نییە، فەڵەستینییەکان هیوا لەدەستدەدان، بۆیە لەم بارودۆخە مەترسیدارە، دەرفەتێک دروستبێت هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت".

پێشترین چەندین جار، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسی کردووە و بەتوندی ئیدانەی کوشتنی هاووڵاتی سڤیلی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە کردووە، هاوکات داوای ئازادکردنی راستەوخۆی بارمتەکانی لەلایەن حەماسەوە کردووە.

پرسی بەڕێوەبەردنی کەرتی غەززە لەدوای جەنگی حەماس و ئیسرائیل، لەم دواییانەدا بووەتە بابەتێکی گەرمی کۆبوونەوەی ئەمەریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و هەریەکە لە میسر، ئوردن و دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی لە کەناری خۆرئاوا رەتیانکردووەتەوە، ببن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرانی غەززە، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگ.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا عەرەبییەکان، ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە زۆرانەی رووبەڕووی بووەتەوە لە پشتیوانیکردنی رەهای ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بۆ دوای قۆناغی جەنگ و فشار لە ئیسرائیل و لایەنە عەرەبییەکان دەکات فشار بخەنە سەر حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست.

پێکهێنانی دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن هاوپەیمانییەکی عەرەبی و نێودەوڵەتی، بیرۆکەی ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکایە لەمیانی سەردانیکردن بۆ میسر و ئوردن، هەروەها بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوایین سەردانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 34 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی غەززەش، زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەردا، نزیکەی لە 1500 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.