سیستمی دادوەریی تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە

تورکیا
تورکیا

K24 – هەولێر:

سیستمی دادوەریی تورکیا پێی ناوەتە قەیرانێکی نوێ و دوو دامەزراوەی باڵای دادوەریی بەهۆی پەرلەمانتارێکی بەندکراو رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەندامانی دادگای دەستووری لەلایەن دادگای باڵا دەرگای قەیرانێکی دیکەی بەڕووی تورکیا کردووەتەوە کە ئەمە یەکەم جارە رووداوێکی لەو جۆرە رووبدات. بڕیارەکە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات دەنگی داوەتەوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەربڕینی هەڵوێستیکی هاوبەش لەدژی هەر دەستێوەردانێکی یاسایی لە تورکیا.

بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەندامانی دادگای دەستووری لەلایەن دادگای باڵا دەرگای قەیرانێکی دیکەی بەڕووی تورکیا کردووەتەوە کە ئەمە یەکەم جارە رووداوێکی لەو جۆرە رووبدات. بڕیارەکەی دادگای باڵا بۆ بڕیارێکی دادگای دەستووری دەگەڕێتەوە لەبارەی جان ئاتالای، پەرلەمانتاری بەندکراوی پارتی کرێکاریی تورکیا کە رایگەیاندبوو، دەستگیرکردنی ئاتالای نادادپەروەرانەیە و مافی خوراوە.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان هەدەپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵەکانی دادگای باڵا رەت دەکەنەوە و ئەوەی کراوە کودەتایە لە دژی دادگای دەستووری.

لەلایەکی دیکەوە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە دوای بریارەکە رایگەیاندبوو، ئەوەی کراوە هەوڵی کودەتایە بەرامبەر بە سیستمی دەستووری وڵات و پێویستە بە زووترین کات رێگری لێبکرێت.

تەنیا هەدەپ، جەهەپە و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن نین کاردانەوەیان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای باڵا هەبێت، تەنانەت بەرەی دەسەڵاتیش قسەیان لەسەر رووداوەکە هەیە و حەیاتی یازیجی، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، لە کۆتا پێشهاتەکانی سیستمی دادوەری نیگەرانە و پێویست بوو رووداوێکی لەو جۆرە بەهیچ شێوەیەک روونەدات.

چەقی قەیرانەکە بۆ دۆسیەی جان ئاتالای، پەرلەمانتاری بەندکراوی پارتی کرێکاریی تورکیا دەگەڕێتەوە کە دادگای دەستووری پێی وایە مافی خوراوە بەڵام دادگای باڵا بریارەکەی دادگای دەستووری رەتدەکاتەوە.

هەروەها میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، وابڕیارە ئەمڕۆ  ئەنجوومەنی راوێژکاری پەرلەمان بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن دادگای باڵای تورکیا لە دژی ئەندامانی دادگای دەستوور و دۆسیەی جان ئاتالای، پەرلەمانتاری بەندکراوی پارتی کاری تورکیا دەخرێتە بەرباس.

هاوکات سەرۆک و جێگری سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بەشداریی لە کۆبوونەوەکە دەکەن و دواجار پەرلەمان هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵا رادەگەیەنێت. چاوەڕێ دەکرێت ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکات. پێشتریش ئۆزەل رایگەیاندبوو، پەیوەندیی بە کورتوڵموشەوە کردووە و داوای لێکردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە رێکبخرێت.