زیره‌ك كه‌مال: هه‌وڵ هه‌یه عێراق و هه‌رێمی كوردستان له جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس تێوه‌بگلێندرێن
K24 – هەولێر:
چاودێرێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌شێكی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی به جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماسه‌وه هه‌بووه و ده‌شڵێت، هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌و جه‌نگه تێوه‌بگلێن.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 10ـی تشرینی دووه‌می 2023) زیره‌ك كه‌مال، چاودێری سیاسی تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، روانینی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌میانی رایگه‌یاندنی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی تا به كرده‌نیكردنی ئه‌و كارنامه‌یه ده‌گات، روانینێكی ئه‌رێنی بووه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی دووباره كردووه‌ته‌وه كه هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن.
ئه‌و چاودێره سیاسییه هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌شێكی هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ هه‌ولێر په‌یوه‌ندی به‌و روانینه ئه‌رێنی و لێكگتێگه‌یشتنه سیاسییه‌وه هه‌یه كه سوودانی باوه‌ڕی پێیه‌تی.
زیره‌ك كه‌مال سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، به‌شێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی به بارودۆخی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیا و ناوچه‌كه به‌گشتییه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت به‌هۆی جه‌نگ و ئالۆزییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و رووسیا و ئۆكرانیا.
زیره‌ك كه‌مال هاوكات باسی له‌وه كرد، به‌هۆی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی په‌یوه‌ندیداره‌وه، پێویست ده‌كات هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدا بن و كاركردن و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.
ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی، هه‌ندێك گرووپ و هێز ده‌یانه‌وێ شه‌ڕی به وه‌كاله‌تی غه‌ززه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بگوازننه‌وه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌وه هه‌یه به‌یه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌و شه‌ڕه ببنه‌وه.
به‌گوته‌ی زیره‌ك كه‌مال هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئه‌مجاره‌ی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل بۆ ئه‌وه بووه فراوان بێت و ناوچه‌كه بگرێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه وڵاتێكی هه‌رێمی ده‌ستی له قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه‌دا هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له خۆی دوور بخاته‌وه و ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل به شه‌ڕێكی دیكه سه‌رقاڵ بكات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شه‌ڕه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و یه‌مه‌ن و چه‌ندین شوێنی دیكه بگوازرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 10ـی تشرینی دووه‌می 2023) نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه به‌سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێر، دره‌نگانی شه‌وی رابردوو گه‌ڕایه‌وه به‌غدا.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سوودانی له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا، له پیرمام چاوی به سه‌رۆك بارزانی كه‌وتووه و له‌میانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ته‌واوی پرس و بابه‌ته گشتییه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵ و دوایین رووداو و پێشهاته سیاسی و ته‌ناهییه‌كانی ته‌واوی ناوچه‌كه و رووداوه‌كانی غه‌ززه و هێرشه‌كانی ئیسرائیلیان بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه تاووتوێ كردووه.
ئێواره‌ی دوێنێ محەممەد شیاع سوودانی به سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ‌کرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراقی سەردانی هەولێریان كردبوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق له میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبووه‌وه، كه لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆک بارزانی و فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەبوون.