لیژنەی دەستپاكی لێكۆڵینەوە لە سەلیم جبووری دەكات

K24 - ھەولێر

لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان کرد، لەبارەی ئەو تۆمەتانەی لەلایەن خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری خراونەتە پاڵ هەریەکە لە سەلیم جبووری سەرۆکی ئەنجوومەن و ژمارەیەک پەرلەمانتار.

لیژنەکە راشیگەیاند: "دوو راوێژکاری یاسایی لە سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەندامێتی لیژنەکەیان زیاد دەکرێن".

لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، کە تایبەت بوو بە لێپێچینەوە لە وەزیری بەرگری، عوبەیدی، جبووری و ژمارەیەک پەرلەمانتاری بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد و بەم هۆیەشەوە، سەلیم جبووری کۆبوونەوەکەی جێهێشت و بڕیاریدا نەگەڕێتەوە بۆ سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان، تاکوو تۆمەتەکان یەکلادەکرێنەوە.