لە ماوەی سێ هەفتەدا 56 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق و سووریا برینداربوون

ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد - وێنە: ئەرشیف
ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

ژمارەی ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە لە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا برینداربوون، بۆ 56 کەس بەرزبووەوە.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا برینداربوونی 56 سەربازی ئەمەریکی لە هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سووریا راگەیاند و سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان بەردەوام بن، ئەوانیش لە بەئامانجگرتنی بنکەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سووریا بەردەوام دەبن.

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاشکرایکرد، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆگای چەک و تەقەمەنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، چوار هێرشی دیکە کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان، سی هێرشیان لە سووریا و یەکێکیش لە عێراق.

سابرینا ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی هێرشەکانەوە سێ سەربازی دیکەیان بە سووکی برینداربوون و ژمارەی ئەو سەربازانەش لە 17ـی مانگی رابردووەوە لە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران برینداربوون، گەیشتە 56 کەس.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دووپاتیشیکردەوە، ئێران بەردەوامە لە پارەدارکردن و هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان و نایانەوێت ئەمەریکا لە ناوچەکە بێت، بەڵام ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی داعشە و لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لە ناوچەکە دەمێننەوە و دوودڵ نابن لە پاراستنی هێزەکانیشیان.

هاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئەمەریکا پێشتر پێگەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی لە سووریا کردوونەتە ئامانج، ئەگەر هێرشەکانیش بۆ سەر هێزەکانیان بەردەوام بن جارێکی دیکەش بنکەکانی سەر بە سوپای پاسداران دەکەنە ئامانج.

هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپیش ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانیان بۆ سەر کۆگاکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، کاریگەرییان لەسەر توانای گرووپە چەکدارەکان هەبووە و وەڵامێکی بەهێزیشبووە بۆیان، ئەو گرووپانەش هەڵبژاردەیەکیان هەیە، ئەگەر هێرشبکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەمەریکاوە وەڵام دەدرێنەوە.

رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغدا رایگەیاند، هێرش و هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا لە عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە و هەموو کارێک دەکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی خۆیان.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغداوە هۆشداریدایە ئێران و میلیشیاکانی سەربە ئێران چیتر هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە عێراق قیوڵناکەن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روون و راشکاوی پێی راگەیاندووە دژی هێرشی میلیشیاکانە بۆسەر ئەمەریکا و هەموو کارێک دەکات بۆ راگرتنی هێرشەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "زۆر گرنگ بوو پەیامێکی زۆر روون بۆ هەموو ئەو لایەنانە بنێرین دەیانەوێت سوود لە شەڕی غەززە ببینن و هەڕەشە لە هێزەکانمان لە عیراق یان هەر شوێنێکی دیکە لە ناوچەکە بکەن، پێیان بڵێین ئەو کارە مەکەن! زۆر بە روونی ئاماژەم بەوەدا، ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکرێنە سەر هێزەکانمان تەواو قەبوڵنەکراوە و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان دەگرینەبەر".