وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوە لەبارە زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی نەوتەوە دەدات

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق - وێنە: ئەرشیف
کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ سنووردارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت راگەیاند و روونکردنەوەش لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت دەدات.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، زیادکردنی ئاستی هەناردەکردن شتێکی ئاساییە و هیچ پەیوەندییەکی بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی بازاڕ و پێویستی ناوخۆ لەم کاتەدا، ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرزبووەتەوە.

ئەم روونکردنەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە هات کە هەندێک لە میدیاکان باسیان لەوەدەکرد، عێراق پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس شکاندووە و رێژەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان بەرزکردووەتەوە.

لە روونکردەوەکەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو رێککەوتنە لەپێناو سەقامگیری بازاڕی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان و لە بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران، بەکارهێنەران و وەبەرهێنەرانە.

هەروەها سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، 109 ملیۆن و 545 هەزار و 589 بەرمیل نەوت لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەناردەی ده‌ره‌وه‌ کراوە و داهاتەکەشی گەیشتووەتە نۆ ملیار و 669 ملیۆن دۆلار.

رۆژی یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی خۆویستانەی بەرهەمهێنانی بڕی 211 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2024، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، کە لە مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاندبوو.

ئەمەش دوای ئەوە هات لە هەمان رۆژدا، کۆبوونەوەی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو کە تێیدا بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە، ئەمەش لەپێناو سەقامگیری بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردوامی دابەزینی نرخی نەوت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆپێک پلەس، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، رۆژانە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و تا کۆتایی ساڵی 2024 لەسەر ئەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بەردەوام دەبن.

واشبڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس لە 26ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان و پێداچوونەوە بە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس، لە کاتێکدا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە ئێستادا بۆ ساڵی 2023 لەلایەن ئەندامانی ئۆپێک پڵەسەوە بریتییە لە 41.86 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە.

سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە لە ساڵی رابردووەوە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە.