مه‌حموود عه‌باس: غەززە بەشێکی دانەبڕاوی فەڵەستینە و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ دەگرین

مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداریەتی فه‌ڵه‌ستین
مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداریەتی فه‌ڵه‌ستین

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداریەتی فه‌ڵه‌ستین رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاماده‌ن له‌چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسیدا به‌رپرسیاریەتی كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداریەتی فه‌ڵه‌ستین ئاماژەی بەوەکردووە، "دووپاتی دەکەینەوە کەرتی غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی فەڵەستین و لە چوارچێوەی چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنەدان بۆ کەناری رۆژئاوا بە قودسی رۆژهەڵات و غەززە".

هەروەها مەحموود عەباس‌ جەنگی ئیسرائیل و حەماسی، بە جینۆساید و وێرانکاری وه‌سف ده‌كات کە خەڵکی غەززە لەسەر دەستی ئیسرائیل رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌، جەختیشی کردەوە، داگیرکردنەوەی کەرتی غەززە یان دابڕینی بەشێکی غەززە به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ .

سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداریەتی فه‌ڵه‌ستین گوتیشی، "دەسەڵاتی داگیرکەری ئیسرائیل بە تەواوی بە بەرپرسیار دەزانین لەوەی کە روودەدات و چارەسەری سەربازی و ئەمنی، ئاسایش و ئارامی بۆ کەس فه‌راهه‌م ناكات".

پێشتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، باشترین سیناریۆ کە پێویستە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بدەین و گرنگە بۆ پێدانی هیوا بە گەلی فەڵەستینی، ئەویش دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی فەڵەستینییە لە کەرتی غەززە، دوای کۆتاییهاتنی جەنگ.

پرسی بەڕێوەبەردنی کەرتی غەززە لەدوای جەنگی حەماس و ئیسرائیل، لەم دواییانەدا بووەتە بابەتێکی گەرمی کۆبوونەوەی ئەمەریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و هەریەکە لە میسر، ئوردن و دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی لە کەناری خۆرئاوا رەتیانکردووەتەوە، ببن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرانی غەززە، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگ.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا عەرەبییەکان، ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە زۆرانەی رووبەڕووی بووەتەوە لە پشتیوانیکردنی رەهای ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بۆ دوای قۆناغی جەنگ و فشار لە ئیسرائیل و لایەنە عەرەبییەکان دەکات فشار بخەنە سەر حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست.

پێکهێنانی دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن هاوپەیمانییەکی عەرەبی و نێودەوڵەتی، بیرۆکەی ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکایە لەمیانی سەردانیکردن بۆ میسر و ئوردن، هەروەها بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوایین سەردانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 35 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نزیکەی لە 1500 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەشدا چوار هەزار و 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.