پێنج ئەندامی خێزانێک لە سۆران بەهۆی خواردنی پەنیرەوە ژەهراوی بوون

یەکێک لە هاووڵاتییەکان لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر - وێنە: کوردستان24
یەکێک لە هاووڵاتییەکان لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە پێنج ئەندامی خێزانێک لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر لەژێر چاودێری چڕی پزیکیشدان، کە بەهۆی خواردنی پەنیری خراپبووەوە ژەهراوی بوون.

کامەران حاجی عومەر، رۆژنامەنووس لە کوردستان24، بەدوادچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و کەسوکاری ئەو خێزانە رایانگەیاندووە، پێنج ئەندامی خێزانێک کە لە دایک و باوکێک و سێ منداڵیان پێکهاتوون، بەهۆی خواردنی پەنیری خراپبووەوە ژەهراوی بوون و تەندروستییان ناجێگیربووە.

کەسوکاری ئەو خێزانە بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی ئاگاداردەکرێنەوە لە تێکچوونی باری تەندروستی ئەو خێزانە کە لە هۆش خۆیان چوون، راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر.

هاوکات کەسوکاری ئەو پێنج هاووڵاتییە رایانگەیاند، بەهۆی ژەهراوی بوونیانەوە پێویستیان بە جۆرە دەرزییەک بووە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەبووە و نرخەکەشی زۆر گران بووە، بەڵام خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەرجییەکەی لە ئەستۆ گرتووە و لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆیان دابینکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر ئازاد ئەنوەر، پزیشکی پسپۆری مێشک و دەمار بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای گەیشتنی ئەو پێنج هاووڵاتییە، تەندروستییان زیاتر بەرەو خراپتربوون دەچوو، بۆیە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستا بە دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو پێنج هاووڵاتییە.

ئەو پزیشکە پسپۆرە جەختی کردەوە، هەر پێنج نەخۆشەکە پێویستیان بە جۆرە دەرزییەک بووە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نەبووە، کە نرخی هەر دەرزییەک دەگاتە نزیکەی 10 هەزار دۆلار و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆیان دابینکرا و ئاشکراشیکرد، دواتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی، پێنج دەرزی دیکەی بۆ دابینکردن و ئێستا لە کۆگاکانیان هەیە بۆ حاڵەتی پێویست.

دکتۆر ئازاد ئەنوەر روونیکردەوە، ئەو خێزانە بەهۆی خواردنی پەنیری خراپبووەوە، تووشی ژەهراویبوون بوون و کە پەنیرەکەیان لە یەکێک ئۆتۆمبێلێک کڕیوە بەبێ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست هەڵگیرابێت و کەڕووی کردووە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد لەکاتی کڕینی پەنیر و هەر جۆرە خواردنێکدا، رەچاوی لایەنی تەندروستی هەڵگرتنی بکەن و ئەگەر تام و رەنگی خواردنەکە گۆڕابوو، بەهیچ شێوەیەک نەیخۆن.