قەیرانی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا؛ ئەردۆغان و ئۆزگور رووبەڕووی یەک دەکاتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل
رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل

K24 – هەولێر:

قەیرانی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا بووەتە رۆژەڤی تورکیا و سەرۆکی نوێی پارتی چەهەپە بە کودەتا وەسفی دەکات و سەرۆککۆماری تورکیاش پێی وایە ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و دەستوور ناتوانێت چارەسەری بکات.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبەردەم دادگای دەستووری تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی کرد و رایگەیاند، قەیرانی نێوان دوو دادگای باڵای تورکیا هەوڵی هەڵگرتنی دەستوورە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت دەستوور سڕبکات.

ئۆزگور ئۆزەل گوتیشی، "تورکیا خاوەن نەریتێکی بەهێزی دەستوورە بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵ دەدات دەستوور لە تورکیا نەهێڵێت. بەر لە قسەکانی ئەردۆغان، کێشەکە وەک قەیرانێکی یاسایی دەبینرا بەڵام دوای قسەکانی ئەردۆغان دەرکەوت هەوڵ دەدرێت سیستمی دەستووری لە تورکیا هەڵبگیرێت، وادیارە ئەوەی کراوە هەوڵی کودەتایە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لەدژی ئیرادەی خەڵک".

سەرۆکی نوێی جەهەپە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاکپارتی و مەهەپە ناتوانن دەستوور بگۆڕن چونکە ژمارەی پەرلەمانتارانیان بەشی ئەوە ناکات بیگۆڕن. لەبری ئەوە بەشێک لە ماددەکانی دەستوور بە نەبوو هەژمار دەکەن و ئەردۆغانیش پاڵپشتی ئەوە دەکات. هەوڵ دەدرێت دەستوور سڕبکرێت".

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، قەیرانی یاسایی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا پێشهاتێکی نوێیە و دەستووری تورکیا ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە رێورەسمێکی تایبەتدا ئاماژەی بە قەیرانی یاسایی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا کرد و رایگەیاند، سەرجەم دامەزراوەکانی تورکیا بە دادگا باڵاکانیشەوە بەدەر نین لە رەخنەگرتن و تانە لێدان

ئەردۆغان گوتی، "سەرەرای چەندین هەموارکردنەوەی دەستوور، بەشێوەیەکی بەردەوام رووبەڕووی کێشەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەبینەوە. ناکۆکی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا جارێکی دیکە ئەم راستییەمان پیشان دەدات. وەک سەرجەم دامەزراوەکانی دیکە، بریارەکانی دامەزراوە یاساییەکانیش دەکرێت رەخنەی لێبگیرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت. سەرجەم دامەزراوەکانی تورکیا بە دادگا باڵاکانیشەوە بەدەر نین لە رەخنەگرتن و تانە لێدان".

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە، "ئەمجارەیان رووبەڕووی کێشەیەکی جیاواز بووینەتەوە، من وەک سەرۆککۆمار لەم کێشەیەدا لایەنگر نیم بەڵکو ئەرکی دادوەرییم لە نێوان هەردوو دامەزراوەدا هەیە. چارەسەری کێشەی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا بێگومان دەستوورە. بەڵام وادیارە دەستوور و یاساکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەپێی پێویست نین".

بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەندامانی دادگای دەستووری لەلایەن دادگای باڵای ئەو وڵاتە، دەرگای قەیرانێکی دیکەی بەڕووی تورکیا کردووەتەوە کە ئەمە یەکەم جارە رووداوێکی لەو جۆرە رووبدات. بڕیارەکەی دادگای باڵا بۆ بڕیارێکی دادگای دەستووری دەگەڕێتەوە لەبارەی جان ئاتالای، پەرلەمانتاری بەندکراوی پارتی کرێکاریی تورکیا کە رایگەیاندبوو، دەستگیرکردنی ئاتالای نادادپەروەرانەیە و مافی خوراوە.