ئەردۆغان و بەشار ئەسەد سەردانی سعوودیە دەکەن

بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان
بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نائاسایی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی لەبارەی غەززە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا گەیشتە ریاز و وابڕیارە سبەی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش بگاتە ئەو وڵاتە.

وابڕیارە رۆژی شەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2023) له‌ سعوودیه‌ هەشتەمین كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی لوتكه‌ی وڵاتانی ئیسلامی له‌سه‌ر دۆخی غه‌ززه‌ به‌ڕێوەبچێت و بۆ بەشداربوون لەو لوتکەیە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە رێگەی فڕۆکەخانەی شا خالید بن عەبدولعەزیز گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە.

هەروەها ئەمڕۆ هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رۆژی شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لوتکەی نائاسایی وڵاتانی ئیسلامی سەردانی سعوودیە دەکات.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، لە لوتکەکەدا نوێنەرانی وڵاتان باسی کۆتا پێشهاتەکان دەکەن و قسە لەسەر ئەو هەنگاوانە دەکرێت کە لە ئایندە دەگیرێتەبەر کە تەوەری سەرەکیی لوتکەکە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە و بەتایبەتیش دۆخی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەست دەبێت.

وەک راگەیەندراوە، کۆبوونەوەی نائاسایی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی تایبەتە بە یەکخستنی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامی و بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەست، هەرچەند تاوەکو ئێستا حکومەتی ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە هێرشەکانی رابگرێت و بچێتە ژێر بڕیاری ئاگربەست.

جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 35 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نزیکەی لە 1500 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەشدا چوار هەزار و 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.