سەفا سەیدخان: مەرج و رێنمایی پێویست بۆ فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دادەنێین

سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران
سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران، رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی پەنیر دەفرۆشن دەبێت پابەندی رێنماییەکان بن. ئاماژەی بەوەشدا، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێری بازاڕ دەکەن. هاوکات گوتیشی: مەرج و رێنمایی پێویست بۆ فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دادەنێن.

سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، "ئێمە وەک چاودێری بازرگانی لە سۆران لیژنەکانمان راسپاردووە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پەنیرانەی کە لەو سنوورەدا هەن، ئەو خانەوادەی کەبەهۆی خواردنی پەنیر ژەهراوی بوونە، پەنیرەکەیان لەسەر پیکابێک کڕیوە کە پیکابەکە پەنیری هێناوە و لەو سنوورەدا فرۆشتوویەتی، ئەو هاووڵاتییەی کە ئەو پەنیرەی کڕیوە نەیزانیووە کە پەینیرەکە ماوەبەسەرچووبووە.

راشیگەیاند، لیژنەکانمان راسپاردووە سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە پەنیر بە شێوەکی ناتەندروست هەڵدەگرن، هەروەها لە ئێسادا ئەو پەنیرە لە سۆراندا نەماوە و  خاوەنەکەشی دیار نەماوە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران، دەڵێت: بۆ لەمەودوا رێکارێك دەگرینەبەر بەرامبەر پەنیرفرۆشە گەڕۆکەکان، دەبێت ناویان تۆماربکرێن و ئەو مەرجانەشیان بۆ دیاریدەکرێن کە بە چ مەرجێک بەرهەمەکانیان بهێنن، هەروەها رێگریان لێدەکەین کە بەرهەمەکانیان بەشێوەی گەڕۆک بفرۆشن تەنیا دەبێت ئەو بەرهەمانە لە فرۆشگاکاندا بفرۆشرێت، یاخود دەبێت بەرهەمەکانیان بە ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەکان دابەش بکەن.

سەفا سەیدخان، گوتیشی: هەر بەرهەمێک چ خۆماڵی بێت یان هاوردە گومانمان لێی هەبێت کە بۆ خواردن ناشێت ئێمە رەوانەی پشکنینی دەکەیەن، ئەگەر شیاوی خواردن بوو رێگە دەدەین بێتە ناو بازاڕ، ئەگەر شیاوی خواردنیش نەبوو دەستی بەسەردا دەگرین.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران، هاووڵاتییان ئاگەداردەکاتەوە کە بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ئۆتۆمبێلە گەڕۆکەکان نەکڕن و تەنیا لە فرۆشگاکان بیکڕن. جەختیش لەوە دەکاتەوە، هەر شوێنێک مەرجی تەندروستی تێدا نەبوو با هاووڵاتییان لیژنەکانی چاودێری بازرگانی سۆران ئاگاداربکەنەوە.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە پێنج ئەندامی خێزانێک لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر لەژێر چاودێری چڕی پزیکیشدان، کە بەهۆی خواردنی پەنیری خراپبووەوە ژەهراوی بوون.

کامەران حاجی عومەر، رۆژنامەنووس لە کوردستان24، بەدوادچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و کەسوکاری ئەو خێزانە رایانگەیاندووە، پێنج ئەندامی خێزانێک کە لە دایک و باوکێک و سێ منداڵیان پێکهاتوون، بەهۆی خواردنی پەنیری خراپبووەوە ژەهراوی بوون و تەندروستییان ناجێگیربووە.

کەسوکاری ئەو خێزانە بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی ئاگاداردەکرێنەوە لە تێکچوونی باری تەندروستی ئەو خێزانە کە لە هۆش خۆیان چوون، راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر.

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر ئازاد ئەنوەر، پزیشکی پسپۆری مێشک و دەمار بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای گەیشتنی ئەو پێنج هاووڵاتییە، تەندروستییان زیاتر بەرەو خراپتربوون دەچوو، بۆیە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستا بە دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو پێنج هاووڵاتییە.