سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا لە عێراق كۆبووه‌وه
K24 – هەولێر:
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ستيڤن چارڵس، باڵيۆزى به‌ريتانيا له عێراق كرد و هەردوولا جه‌ختيان له گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرده‌وه.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئێواره‌ى رۆژی هه‌ينى 2023/11/10 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ستيڤن چارڵس هيچن باڵيۆزى به‌ريتانيا له عێراق كرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، له كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا و ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.
ئەماژە بەوەشدراوە، هه‌ردوولا دوايين كۆبوونه‌وه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرده‌وه و له‌مباره‌يه‌وه ئاماژه‌يان به سه‌ردانى دوێنێى سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له كاريگه‌رى و ئه‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م ئاڵۆزييه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كرد و له‌مباره‌يه‌وه هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه بپارێزرێت و رێگه نه‌درێت عێراق ببێته به‌شێكى كێشه و ئاڵۆزييه‌كان.