ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی 12 نەخۆشخانە لە غەززە دەکات

نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە (وێنە: AP)
نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل رایدەگەینێت، نەخۆشخانەکانی غەززە بوونەتە بنکەی حەماس، بۆیە داوای چۆڵکردنی 12 نەخۆشخانە لەو شارە دەکات. جێگری سکرتێری گشتیی گرووپی جیهادی ئیسلامیش بەکارهێنانی نەخۆشخانەکان لەلایەن حەماسەوە رەتدەکاتەوە.

هێرشی زەمینی و پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ باکووری کەرتی غەززە بەردەوامە. لانیکەم پێنج نەخۆشخانەی شاری غەززە کە هەزاران بریندار و ئاوارەی تێدایە؛ لەلایەن تانکەکانی سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆدراون و بە بەردەوامیش دەوروبەریان بۆردوومان دەکرێن.

سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی 12 نەخۆشخانەی شاری غەززەی کردووە. راشیدەگەیەنێت، ئەگەر لە هەر نەخۆشخانەیەک هێزەکانی ئیسرائیل بکرێنە ئامانج، سوپاکە هێرشبەرەکان بە ئامانج دەگرێت.

 گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، چەکدارانی حەماس لە چەندین نەخۆشخانەوە چالاکی ئەنجام دەدەن. هەروەها پێداگیری دەکات لەوەی نەخۆشخانەکانی وەکو شیفا  بوونەتە بنکەیەکی سەرەکی چەکدارانی حەماس.

لە بەرانبەردا محەمەد هندی، جێگری سکرتێری گشتیی گرووپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین دەڵێت، "هەواڵی بەکارهێنانی نەخۆشخانەی شیفا و نەخۆشخانەکانی دیکەی ‌غەززە لەلایەن چەکدارانی فەڵەستین دوورە لە راستی".

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 28 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.