کاندیدبوونی کوردێکی مەهاباد بۆ پەرلەمانی ئێران رەتکرایەوە
K24 - هەولێر
کاندیدبوونی کوردێکی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەرلەمانی ئێران بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی" ئەو وڵاتە رەتکرایەوە.
له دوو رۆژی رابردوودا كۆتا ئه‌نجامی په‌سه‌ندكراوی ناوی كاندیدان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی 12ـەیەمی په‌رله‌مانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.
به‌پێی دوایین ئامار، لانیكه‌م 14 كاندید كه ناوی خۆیان بۆ كێبڕكێی په‌رله‌مانی ئێران تۆماركردبوو ڕه‌تكراونه‌ته‌وه، یه‌كێك له دوورخراوه‌كانیش جه‌لال مه‌حموود زاده‌یه، كه ئێستا په‌رله‌مانتاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه.
جه‌لال مه‌حموود زاده له‌سه‌ر پرسی دوورخستنه‌وه‌ی له کاندیدبوونی بۆ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاندووه، به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌می مادده‌ی 33 یاسای هه‌ڵبژاردنی ئێران، ناوی له هه‌ڵبژاردنه‌كە دوورخراوه‌ته‌وه و ناوه‌ڕۆكی مادده یاساییه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به تێكدانی ئاسایش ناوخۆی وڵاته‌كه‌وه هه‌یه.
وەکو ئەوەی جه‌لال مه‌حموود زاده باسی دەکات، به هیچ شێوه‌یه‌ك و له هیچ كاتێك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه رووبه‌ڕووی یاسا و دادگاكانی ئێران نه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌مه له كاتێكدایه بڕیاره رێکەوتی 01-03-2024 هه‌ڵبژاردنی خولی 12ـەیەمی په‌رله‌مانی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت.