خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە بە دۆکیۆمێنت دەکرێن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە کۆیە ژمارەیەکی زۆر خانووی کەلەپووری ھەن کە مێژووی دروستکردنیان بۆ سەدەی 19 دەگەڕێتەوە. زۆرێکیان بەھۆی زۆری تەمەنیان، خەریکە لەناو دەچن. فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە پڕۆژەی بە دۆکیومێنتکردنی ئەو خانووانەی دەستپێکردووە تاوەکو نۆژەن بکرێنەوە.

یەکەم بارانی ئەمساڵ، ھێندەی تر مەترسی دارووخانی خستووەتە سەر دەیان خانووی کەلەپووری لە چوار گەڕەکی کۆیە. تیمێکی شوێنەوارناسی و ئەندازیاری، یەک یەک خانووەکان دۆکیومێنت دەکات. رووبەری خانووەکان، ژمارەی ژوور، شێوازی دروستکردن، ئەو کەلوپەلانەی لە دروستکردنی  خانووەکاندا بەکارھاتوون و تەواوی وردەکارییەکان دۆکیومێنت دەکرێن.

ھێمن نەعمان، شوێنەوارناسە و ئاماژە بەوە دەدات، مێژووی بەشێک لەو خانووانە بۆ ناوەڕاستی سەدەی 19 دەگەڕێتەوە و هەر یەکەکیان لە رووی تەلارسازییەوە شێواز و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

خانووە کەلەپورییەکان لە بەرد و گێچ دروستکراون؛ پەنجەرە، تاقی بچووک، دەرگای دار و شێوازی زۆر سادە لە دروستکردنیان بەکارھاتوون.

وەکو ئەوەی کاروان خالید، ئەندازیاری تەلارسازی باسی دەکات، بەشێکی زۆری خانووەکان بە دوو نهۆمی دروستکراون، بەتایبەت خانووی ئەو خێزانانەی خانەدان و دەوڵەمەندبوون. نهۆمی یەکەم بۆ نیشتجێبوونی خێزان و نهۆمی دووەمیشیان کە نەخش و نیگارێکی زۆری لەسەر دروستکراوە، بۆ میوان و سەردانیکەران بەکارهێندراوە.

دۆکیومێنتکردنی خانووە کەلەپووریەکانی کۆیە، قۆناغی پێش نۆژەنکردنەوەی خانووەکانە. لە رابردوودا زۆرینەی دانیشتووانی کۆیە لەو خانووانە ژیاون. نۆژەنکردنەوە و پاراستنی خانووەکان، پاراستنی مێژووی تەلارسازی  کۆیەیە.

یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە ئاماژە بەوە دەدات، "پڕۆژەژە بە گرنگ دەزانین. ئەگەر خانووەکان لە داهاتوودا بفەوتێن، بارودۆخی دارایی باش بێت و رێخۆشکەربێت بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەنیان بکاتەوە، تەواوی زانیاری، داتا و وێنەی خانووەکان لەنێو ئەم ئەپە هەیە".

ساڵانی رابردوو، بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری کۆیە دوو لە خانووە کەلەپوریەکانی کۆیە، بەو ئەندازە و کەرەستانەی لێی دروستکرابوون نۆژەنکردووەتەوە. پلانی فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە خۆماڵیکردن و نۆژەنکردنەوەی زۆرینەی خانووە کەلەپووریەکانی کۆیەیە تا وەک مێژووی تەلارسازی شارەکە بۆ داھاتوو بمێننەوە.