دانا عەبدولکەریم: رێگای ناوگردان لە قەزای سەیدسادق لەقۆناغی کۆتاییدایە

K24 - هەولێر

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە قەزای سەیدسادق پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای ناوگردانی بەسەرکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا پڕۆژەکە تەواو دەبێت.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: دوای ئەوەی ماوەیەک ئیشکردن لە قیرتاوکردنی رێگەی ناوگردان لە قەزای سەید سادق وەستا، ئێستا لە قۆناغی کۆتایی رێگاکەداین کە دریژییەکەی دوو کیلۆمەترە، بڕی تێچووشی یەک ملیار دینارە، پانی رێگاکەش بەهۆی قەرەباڵغیەوە لە شەش مەترونیوەوە کراوە بە حەفت مەتر، گوتیشی: ئێمە وەکو حکومەت ئەرکی سەرشانمانە لە خزمەت کەسوکار و هاووڵاتیانمان دابین.  

گوتیشی:هیوادارین تەواوبوونی رێگاکە کەوا بڕیارە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکە تەواو بکرێت، بەتایبەت چینی قیرەکانی، ئاسانکارییەکی باش بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان بکات، کەببێتە هۆی باشتر جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان و سەلامەتییان.

سەبارەت بە رێگای دەربەندیخان ئاماژەی کرد، کارەکانی رێگای دەربەندیخان بەردەوامە، ئێستا رێژەی جێبەجێکردن لەسەرووی 63%ـە، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت، رەنگە کۆتایی هاوینی داهاتوو کارەکان تەواو بکرێت، بەڵام ئەگەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان باشتر بێت، رەنگە پێش ئەو وادەیە تەواو بێت.

دەشڵیت: رێگەی وارماوا دەربەندیخانیش پەیوەندی بەو کۆمپانیاییەوە هەیە کە پڕۆژەکە جێ بەجێ دەکات، بەداخەوە وەکو پێویست نییە، ئاگاداریشمان کردوونەتەوە ئەگەر دەستنەکەنەوە بەکارکردن ئەوە رێکاری دیکەیان بەرانبەر دەگرینەبەر، بەڵام ئەویش بەهۆی هەندێک گرفتەوە گەیشتووەتە ئەو حاڵەتە، بەردەوامیشین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە رێگای سلێمانی کەلار لەلای دەربەندیخان ئەبێت تونێلی تازە دروستکەین، بۆ ئەوکارەش بەردەوامین، چونکە پڕۆژەیەکی گەورەیە پێویستی بە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاری هەیە.

رێگای ناوگردان، رێگای سەرەکی 12 گوندی سنوورەکەیە، هەروەها قەزای سەیدسادق بە هەڵەبجەوە دەسبەستێتەوە، ئاسانکاری زۆر بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکات.