ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی شیفا کرایە ئامانج

K24- هەولێر

وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی شیفایان لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە رایگەیاند، جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل، ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی شیفا و دەوروبەری کردە ئامانج بۆردومان کرا ئەمەش بەپاساوی ئەوەی وەک سەربازگەیەک بەکارهێنراوە، هەرچەندە ئەو بانگەشەیە چەندین جار لەلایەن حکوومەتی غەززەوە رەتکراوەتەوە.

سوپای ئیسرائیل لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، شەش نەخۆشخانەی لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە، کە بەشێکیان وەک پەناگە بۆ ئاوارە و لێقەوماوان بەکاردەهێنرێت.

هەریەکە لە نەخۆشخانەکانی شیفا، ئیندۆنێزی، منداڵانی نەسر، مەعمەدانی، عودە و قودس لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و بۆردومان کراون.

هاوکات تەندروستی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.