رۆیته‌رز: ئیمارات به‌نیازه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپارێزێت
K24 - هەولێر:
ئاژانسی رۆیته‌رز له رێگه‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیماراتی بڵاویكرده‌وه، له قۆناغی ئێستادا ئیمارات به‌نیازه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپارێزێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و ئاژانسه، له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس و كوژرانی زیاتر له یازده هه‌زار كه‌س له غه‌ززه، ئیمارات به‌نیازه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپارێزێت.
به‌رپرسێكی ئیمارات به ئاژانسی رۆیته‌رزی گوت: ئه‌وله‌وییه‌تی ئیمارات له ئێستادا راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی مرۆییه بۆ دانیشتوانی غه‌ززه.
ئیمارات یه‌كێكه له‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ی كه 30 ساڵه په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه و هه‌وڵیداوه له رێگه‌ی (رێككه‌وتننامه‌ی ئیبراهیم 2020) ئه‌و كاره بۆ وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیش ئاسان بكات، كه په‌یوه‌ندییه‌كانییان له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌ڤیڤ به‌بێ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی ئاسایی بكه‌نه‌وه.
رۆژی 13ـی ئابی 2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، رێککەوتنێکی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات راگەیاند.
ترەمپ، کە نێوەندگیریی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و توانی بەسەرکەوتوویی هەردووکیان یەکبخات، ئه‌وكات رایگەیاند، ئەم رێككەوتنە دەستپێكە بۆ ئاشتییەكی گشتگیر لەرۆژهەلاتی ناوه‌ڕاست لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا.
ئەم رێککەوتنە ھەر لەساتی راگەیاندنیدا، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئێران، تورکیا و قەتەر، زۆربەتوندی لەدژی وەستانەوە و بەخیانەتکردن لە فەڵەستین وه‌سفیان كرد، دەسەڵاتی فەڵەستینیش ئه‌وكات زۆر بەتوندی لە دژی رێکكەوتنەکە وەستایه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس، محه‌ممه‌د بن زاید ئالنهه‌یان سه‌رۆكی ئیمارات به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ بنیامین ناتانیاهۆی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل له‌باره‌ی جه‌نگه‌كه قسه‌یانكرد.
له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌رپرسانی ئیمارات به‌رده‌وام ئیدانه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ئیسرائیلیان كردووه، دواشیانكردووه كۆتایی پێبهێندرێت.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەمینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 28 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکراشیکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووه‌وه تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی غه‌ززه لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.