ئازاد تۆفیق: كابینه‌ی نۆیه‌م سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان به‌ڵام له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌رده‌وام بووه
K24 - هەولێر:
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه ئاماژه به‌وه ده‌كات كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی بۆ هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، ده‌شڵێت ئه‌م كابینه‌یه سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان، به‌ڵام له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان به‌رده‌وام بووه.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 11ـی تشرینی دووه‌می 2023) ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "بۆ هه‌مووان" كه له‌لایه‌ن سه‌هێن موفتی له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كابینه‌كانی رابردوو تا كابینه‌ی نۆیه‌م به پێی پێویستییه‌كان خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌تایبه‌تی له بواری په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، شاره‌وانی، رێگه‌وبان و چه‌ندین خزمه‌تگوزاری دیكه پێشكه‌ش به هه‌ڵه‌بجه كردووه.
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، برینی قووڵی هه‌ڵه‌بجه به ته‌نیا به‌و جۆره خزمه‌تگوزارییانه سارێژ نابێت. روونیشیكرده‌وه خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی دیكه له په‌یوه‌ندییه هه‌ڵبه‌زودابه‌زه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ جیاوازن و ئاستیان به‌پێی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان و قۆناغه‌كان ده‌گۆڕدرێت.
ئازاد تۆفیق له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك و پارێزگاره‌كانیان ئه‌رێنییه و هه‌ر یه‌كێك له پارێزگا و پارێزگارانه ده‌ستی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییان بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه راكێشاوه و ده‌ستپێشخه‌ر بوونه، هاوكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لای خۆیه‌وه پشتیوانی لێ كردوون و پاره‌ی بۆ ناردوون.
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه هاوكات باسی له‌وه كرد، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو كاری گه‌وره و جیددی بۆ هه‌ڵه‌بجه كردووه. روونیشیكرده‌وه، هه‌ر یه‌ك له پردی تۆقووت و پردی سازان و چه‌ند پردێكی دیكه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ بۆ هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ناردووه بۆ ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پاره بۆ هه‌ریه‌ك له پرده‌كانی تۆقووت و پردی سازان ده‌رچووه و بڕیار وابوو به‌م زووانه ده‌ست به پڕۆژه‌كه بكرێت و سه‌رۆكوه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و به‌شێك له وه‌زیره‌كان سه‌رداین هه‌ڵه‌بجه بكه‌ن و پڕۆژه‌كه به فه‌رمی ده‌ستپێبكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێك كاره‌وه دواكه‌وتووه و خوازیارن به‌ر له سه‌ری ساڵ ده‌ست به پڕۆژه‌كه بكرێت.
ئازاد تۆفیق گوتیشی، ته‌نگی سه‌یدمحه‌ممه‌د یه‌كێكی دیكه‌یه له پڕۆژه‌كان و ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی نه‌وڕۆڵی و پاره‌ی بۆ ده‌رچووه و وه‌ك ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری پڕۆژه‌ی لێ ئه‌نجام ده‌درێت و به ته‌واوبوونیشی هه‌ڵه‌بجه به به‌مۆ و گه‌رمیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
ئازاد تۆفیق تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كهه‌ڵوێستی كورد له به‌غدا یان پارێزگاره‌كان ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی نییه، به‌ڵكو ئه‌ركه و ئه‌وان هه‌موو ته‌واوكه‌ری یه‌كدین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له ئارادایه بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه و پرسێكی نه‌گۆڕه، به‌شێوه‌یه‌ك لێكترازانی حزب و ئایدۆلۆژیایه‌ك ئاساییه ته‌نانه‌ت نه‌مانیشی ئاساییه، به‌ڵام مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری و لێكنه‌ترازانی ئه‌ركه و ئاسایی نییه. روونیشیكرده‌وه كاتێك پارێزگاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ به‌غدا بانگهێشت كراون، به‌ڵام پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ی تێدا نه‌بوو، ئه‌وانی دیكه بڕیاریان داوه نه‌چن، كه ئه‌مه‌ش بۆ رۆڵی پارێزگاره‌كان و خودی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئازاد تۆفیق جه‌ختی كرده‌وه كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری هه‌موو قه‌یرانه قورسه‌كانی وه‌ك دابه‌زینی نرخی نه‌وت و جه‌نگی دژ به داعش و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا توانی به‌ره‌نگارییان ببێته‌وه و خزمه‌ته‌كانی له بواره جیاجیاكان پێشكه‌ش بكات.