ناتانیاهۆ: نابێت منداڵان فێری کوشتنی ئیسرائیلییەکان بکەن

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: نابێت هیچ دەسەڵاتێکی مەدەنی منداڵەکانی فێربکات، رقیان لە ئیسرائیل بێت و ئیسرائیلییەکان بکوژن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "نابێت هیچ دەسەڵاتێکی مەدەنی منداڵەکان فێر بکات، رقیان لە ئیسرائیل بێت و فێریان بکەن ئیسرائیلییەکان بکوژن، بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل".

پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، کە سوپای ئیسرائیل "بە هێزێکی تەواوەوە" لە شەڕی دژی حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت و بانگەوازە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ئاگربەست رەتدەکاتەوە.

ناتانیاهۆ گوتی: گەڕانەوەی بارمتەکان "ئامانجێکی ترە" لە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، حەماس ناتوانێت ئازادیان نەکات.

جەختی کردەوە، ئیسرائیل کار بۆ درێژکردنەوەی کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەمنیی خۆی بەسەر کەرتی غەززەدا دەکات، راشیگەیاند، بەمشێوەیە "ئەو هەڕەشە ئەمنییانە لەناو دەبات" کە ئیسرائیل دەبێتە ئامانج.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەبارەت بە کۆنتڕۆڵی ئەمنی، گوتی، "دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل بچنە ناو غەززە، کاتێک پێویست بێت، بەدوای چەکدارەکاندا بگەڕێن" وەک ئەوەی لە شارەکانی کەناری رۆژئاوادا هەیە.

بەرەبەیانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، بەگوێرەی داتاکان ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 11 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 27 هەزار کەسی دیکە.

ئا: لاڤین عومەر