میخایل بەگدانۆڤ: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا ئاڕاستەیەکی گرنگە لە کارەکانماندا
K24 - مۆسکۆ
کوردستان24، پرسی بۆردومانەکانی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، گەیاندە نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو دەڵێت: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا ئاڕاستەیەکی گرنگە لە کارەکانماندا.
میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە تەماشای ئەرک و ئامانجەکانمان دەکەین لە سووریادا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا ئاڕاستەیەکی گرنگە لە کارەکانماندا و لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی کۆمەڵێک دیدار و گفتوگۆی بە سوودمان لەم بارەیەوە ئەنجامداوە".
گوتیشی: "هیوامان بە کارکردن بەم ئاراستەیە هەیە و پێمانوایە کاریگەری دەبێت و لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە، بەو پێیەی ئێمە لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا پەیوەندی توندوتۆڵ و دۆستانەمان هەیە. جگە لەوەش ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە دەبێت رێز لە سەروەری خاکی وڵاتان بگیرێت".