شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر

K24 – هەولێر

وەزیرى نەوتى عێراق بە یاوەری شاندێک گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12/11/2023، حەیان عەبدولغەنی وەزیرى نەوتى عێراق، بە یاوەری شاندێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن کەمال محەممەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.

پێشتر پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، "ئەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران بووە تاکو بێنە ئێرەو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن".

راشێگەیاند: "بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە و بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ رۆژ دەمێننەوە".