عەلی حوسێن: گرنگە هەموو لایەکمان رۆڵی بەرپرسانە ببینین بۆ ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغەدا بین

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی کرد، و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەردوولا و دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی هەڵەبجە و سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەتایبەتی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، هەروەها گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و نێوان لایەنە سیاسییەکان کردووە، گوتیشی: گرنگە بتوانین لە گفتوگۆکاندا رۆڵی ئەرێنی و بەرپرسانە ببینین بۆ ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغەدا بن.

هەروەها سەعدی پیرە، رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی 7ی مانگی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا، هاوکات تاوتوێی خاوکردنەوەی گرژییەکان کرا، یەکێک لە خاڵەکان ئەوەبوو پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بە چری پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران.

گوتیشی: هاتنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر کارێکی ئەرێنی بوو، زۆر پێمان خۆش بوو، بە دڵنیاییەوە ئێمە پشتگیری لە هەر رێککەوتنێک دەکەین کە ببێتە هۆکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی کە دەگوترێت لە سلێمانی دەکرێت، عەلی حوسێن رایگەیاند: ئەگەر پێویست بێت هەفتەی دووجار کۆدەبینەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی.