رۆژی سێشەممە مەکگۆڕک دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 - هەولێر

 رۆژی سێشەممە برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

بەپێی هەواڵێکی ئەکسیۆس پرێس، رۆژی سێشەممە 14/11/2023، برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەردانی رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست و باشووری ئەفەریقا و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی دەکات.

لە سەردانەکەیدا، چاوەڕوان دەکرێت سبەی مەکگۆڕک سەردانی ئیسرائیل بکات، پاشان سەردانی هەر یەک لە سعوودیە و قەتەر و ئوردن بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، مەکگۆرک لەمیانی ئەو سەردانەیدا دەیەوێت هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ رێککەوتنێک بە مەبەستی ئازادکردنی 80 بارمتەی ئیسرائیلی، کە لەلای حەماس بەندکراون، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئەو ژن و منداڵانە ئازاد بکات لە زیندانیەکانیدا هەن. شرۆڤەکارانیش پێیانوایە، رێککەوتنی لەو شێوەیە، رەنگە ببێتە هۆی رێگەدان بە گەیاندنی سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە.

بەرەبەیانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، بەگوێرەی داتاکان ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 11 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 27 هەزار کەسی دیکە.

ئا: لاڤین عومەر