لوبنان.. گروپە چەکدارەکان چاودێری جوڵەی سەرباز و ئۆتۆمبێلەکانی ئیسرائیل دەکەن

K24 – هەولێر

میدیاکانی لوبنان رۆژی یەکشەممە، بڵاویان کردەوە کە گرووپە چەکدارەکان بەوردی چاودێرییان خستتووەتە سەر جوڵەی ئۆتۆمبێل و سەربازانی سوپای ئیسرائیل، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکە زیادی کردووە.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی بڵاویکردەوە، "فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانەوە تا دوای نیوەشەوی رابردوو بەسەر ناوچەکەدا فڕیون، دواتر ناوچەکە کەوتووەتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپبارانکردنی ئیسرائیل، کە شارۆچکە سنوورییەکان لە ناقورەوە تا دەوروبەری شارۆچکەی عەیتا ئەلشەعب".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئیسرائیل بە شەو و رۆژ ئۆتۆمبێلەکان دەکاتە ئامانج، کە لەسەر رێگاکانی دەرەوەی هێڵی شین لەسەر سنووری فەڵەستینی جوڵەدەکەن".

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، "بەدرێژایی شەوی رابردوو ئیسرائیل بەردەوام بووە لە بۆردومانی بۆمبی سووتێنەر لە دارستانەکانی تەنیشت هێڵی شین".

دوێنێ شەممە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل بارهەڵگرێکیان لە ناوچەی زەهرانی باشووری لوبنان بۆردومان کرد کە 40 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنان و ئیسرائیلەوە دووربووە.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ و ململانێکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، شەڕ و پێکدادان کەوتە نێوان گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و ئیسرائیل، کە تائێستا چەندین جار تۆپبارانی یەکتریان کردووە و کوژراو و برینداریش لەنێوانییان دا هەیە.