کچە کوردێک خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەری لە فێستیڤاڵی بەغدا بۆ شانۆ بەدەست هێنا

K24 - هەولێر

شەشەمین فێستیڤاڵی بەغدا بۆ شانۆ، کە بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری عێراق بەڕێوەچوو، چاوان خەلیل، وەک یەکەم کچە ئەکتەری کورد، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەتی بۆ شانۆگەری "ژن بوون سەختە" بەدەستهێنا.

شانۆگەرییەکه لە نووسین و دەرهێنانی "رزگار فەقێ" و نواندنی "چاوان خەلیل"ـە.

چاوان خەلیل، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند: بردنەوەی ئەو خەڵاتە و هەڵبژاردنم وەک باشترین کارەکتەری نێو شانۆگەرییە بەشداربووەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ شانۆ، سەرکەوتنێکی گەورەیە وەک کچە هەڵەبجەییەک.

گوتیشی: کە بە شانۆگەرییەکی کوردی بەشداربووم و ئازاری ژنبوونم لە نێو کۆمەڵگەی کوردی و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە میوان و ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە ناساند، هەروەها دەقە شانۆییەکەشمان لە ئێوارەیەکدا نمایش کرد و بووە جێی سەرنجی هەمووان.

دەشڵێت: ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکەم بە ژنانی کورد و ئەکتەرە جوانەکانی سەر تەختی شانۆ.