پێشانگای 'هەواری هەور' لە گەلەری میدیا کرایەوە

K24 - هەولێر:

نۆیەمین پێشانگای تایبەتی هونەرمەند "ئازا حەسیب قەرەداخی" بە چەردەیەک لە تابلۆ لەژێر ناونیشانی 'هەواری هەور' لە گەلەری میدیا کرایەوە.

پێشانگاکە 40 تابلۆی قەباره بچووک و گەورەی لەخۆوە گرتووە و هونەرمەند "جەمانە"ـی کردووەتە هەوێنی بەرهەمەکانی بۆ ئەم پێشانگا شێوەکارییە و بەشێکیش لە تابلۆکانی هەواری گەلێکن، کە ژان و ژینی بە فڵچە نەخشاندووە و تروسکەی ئومێدی لێ دەرکردووە و بینەر پەیوەست دەکات بە هونەرەوە.

هونەرمەند "ئازا حەسیب قەرەداخی" لە پرسیاری ئەوەی بۆچی هەور و جەمانەی کردووە بە ناونیشانی پێشانگاکەی لە وەڵامدا بۆ کوردستان24 دەڵێت: هەوری و جەمانە شووشتنەوەی رۆح گوشینە، هەڵخستنی تارمایی و سێبەری ئەفکارە لەبەر خۆری ژینە.

ئاماژە بەوەشدەکات، "رۆح بە بەرچاوی ئێمەوە کەشی تابلۆ داگیر دەکات و لە هەوری و جەمانەوە خۆی هەم بەیان دەکات و هەم حەشار دەدات، وەک ئەوەی چاوشارکێی ژیان لەگەڵ چێژ و ژاندا بکات".

گوتیشی: ئەم پێشانگایە ئازار و جوانیەکانی ژیان بە رەنگ دەخاتە بەردەم ئامادەبووان و جەمانەش گوزارشت لە گەلەکەمان دەکات، کە لەوەتەی هەیە داوای ماف لە دنیا دەکات.

ئەم پێشانگایە بە چاودێری "ئومێد خۆشناو" پارێزگاری هەولێر و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەشی شێوەکاری کرایەوە و ماوەی پێنچ رۆژیش بەردەوام دەبێت.

ئازا حەسیب قەرەداخی، هونەرمەند لە ساڵی 1960 لە گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و دەرچووی کۆلیژی کارگێڕی و ئابوورییە لە زانکۆی موستەنسەرییە و لە ساڵی 1978 یەکەم پێشانگای هونەری لە قوتابخانەی گوێژە لە سلێمانی کردووەتەوە و پاشان بەشداری پێشانگایەکی کاریکاتێری دەکات و دواتر نامیلکەیەک دژ بە رژێمی بەعس لە ساڵی 1993 چاپ دەکات، جگە لە مانەش چەند پێشانگایەکی شێوەکاری لە خوارووی عێراق و شاری بەسرا دەکاتەوە و بەشداری لە چەند پێشانگایەکی هاوبەش و کاری مۆنتیڤ دەکات و دواتر بەرهەمە کاریکاتێرییەکانی دەبنه رووپەڕی گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکان، بەتایبەت لە گۆڤاری (گەپ)ـدا، کە گۆڤارێکی کاریکاتێری تەنز ئامێز بوو، هونەرمەند زۆربەی بەرهەمەکانی لەم گۆڤارەدا بڵاوکردەکردەوە.

دفە
پ
ح
پ
ه